Azat Muhammet
18 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2017
دهۆک - AA
کوردانى ئێزدى لە سەرتاسەرى هەموو جیهان بەمەبەستى بەشدارى کردن لە رێوەڕەسمەکانى جەژنى چارشەمبا سۆر و سەرى ساڵى نوێى گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و چەندین رۆژە لە پەرستگەى لالش پەرستش ئەنجام دەدەن.
١٩ى نیسانى هەموو ساڵێک یەکەم رۆژى جەژنى چارشەمبا سۆرە، بەڵام کوردانى ئێزدى لە ئێوارەى ١٨ى نیسانى هەموو ساڵێک لە پەرستگەى لالش مەراسیم دەگێڕن لە دوا نیوەڕۆى هەمان رۆژدا گەنجانى ئێزدى روو لە قەتپاڵى چیاکانى چواردەورى پەرستگەى لالش دەکەن و گوڵى جۆراوجۆرى وەرزى بەهارە لە سرووشت دەکەنەوە و بەشێکیان لە لەچکى سەریانی دەبەستن و بەشێکیشیان لەبەر دەرگا بچووکەکانى پەرستگەى لالش دایدەنێن.
٣٦٥ مجێور(خزمەتگوزارانى پەرستگەکە) لە ئێوارەى چارشەمبا سۆر کاتژمێر پێنج خۆبەخشانە هەڵدەستن بە هەڵکردنى ٣٦٥ چرا وەک سیمۆڵى رۆژەکانى ساڵ لەنێو پەرستگەى لالش و قەتپاڵى چیاکانى چوار دەورى پەرستگەکە.
لە میانی رێوەڕەسمەکەدا سەرۆکى ئەنجوومەنى رۆحانى کوردانى ئێزیدى، بابەشێخ (خرتۆ حەجى) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "جەژنى چارشەمبا سۆر و سەرى ساڵى کوردانى ئێزدى لە کوردانى ئێزدى لە هەموو هەرێمى کوردستان و عێراق و تەواوى جیهان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەى خێر و خۆشى بۆ هەموو پێکهاتەکانى جیهان".
گوتیشى: "لە خوا دەپاڕێمەوە کە ئەو شەڕ و کوشتارەى بەهۆى تیرۆریستانى داعش بەرپابووە بەسەر کوردانى ئێزدى و هەموو پێکهاتە ئایینییەکانى دیکە کۆتایی بێت و ژیانێکى ئاسایی بۆ ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە کە بە دەستى داعشەوە چەشتوویەتى".
سەرۆکى ئەنجوومەنى رۆحانى کوردانى ئێزدى داواى گەڕانەوەى لە کوردانە ئێزدیانە کرد کە بەهۆى داعشەوە ئاوارەى وڵاتان بوونە و چاوەڕوانى گەڕانەوەى ئەوانین تاوەکو بە زێدى خۆیان شاد ببنەوە.
بابەشێخ بانگەوازى بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق و هاوپەیمانان کرد هەوڵەکانیان چڕتر بکەن بۆ رزگارکردنى ئەو کچ و ژنانەى لەژێر زوڵم و ستەمەکانى داعشدا دەستبەسەرن بۆ ئەوەى ئاسوودەیی بگەرێتەوە و جەژن و شادى تامى جارانى بۆ بگەڕێتەوە.
هەرچەند دواى هاتنى داعش بە فەرمى ئاهەنگەکانى چارشەمبا سۆر بەڕێوەناچن، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانى رابردوو ژمارەیەکى زۆر کە نزیکەى ٣ هەزار کەس دەبوون لە کوردانى ئێزدى بەشدارى رێوەڕەسمەکانى ئەم جەژنە بوون، زۆرینەى بەشداربووان هۆکارى ئەو جیاوازە بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە داعش لەلایەن پێشمەرگە تێکشکێندراوە و ژمارەیەکى زۆر لە کوردانى ئێزدى رزگار کراوە و ئاماژەش بەوە دەکەن جەژنى راستەقینە ئەو کاتە دەبێت کە هیچ کوردێکى ئێزدى لە دەست داعش نەمێنێت.
هەزاران کەس لە کوردانى ئێزدى بە گوتنەوەى دروشمەکانى (هۆلا تاوسێ مەلەک هۆلا، بژى ئێزیدخان و بژى شنگال) جۆش و خرۆشیان بە یەکترى دەدا و رێوەڕەسمەکانى ئاهەنگى چارشەمبا سۆریان گەرمتر دەکرد.
لە گەرمەى بەڕێوەچوونى رێوەڕەسمەکانى جەژنى چارشەمبا سۆرى کوردانى ئێزدى، ٥٠ کچى تازە رزگاربووى ژێر دەستی داعش کە لە ماوەى هەفتەیەک بۆ ١٥ رۆژ لەلایەن نووسینگەى رزگار کردنى رفێندراوانى دەست داعش لە عێراق و سووریا رزگار کراوبوون بە نێو ئاپۆڕاى خەڵک سوڕێندرانەوە جەژنى چارشەمبا سۆریان لێ پیرۆز کردن ووشەکانى(ئێوە پاکیزەن و ئێوە سەربڵندەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقن) بە گوێیاندا چرپاند بەرەو کانى ئاوە سپى بەرێکران.
کانى ئاوە سپى یەکێک لەو کانیە ئاوانەى پەرستگاى لالش کە دەکەوێتە ئەشکەوتێک لە پێنج کانیاو پێکدێت و کوردانى ئێزدى گرووپ گرووپ پیاوان بە جیا و ئافرەتان بە جیا لە کانیاوەکەدا دەستیان دەشۆن و سەر و دەموچاویان بە ئاوەکە تەڕ دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن بۆ پاکبوونەوە لەو گوناهانەى لە ماوەى رابردوو کردوویانە.
بەرپرسى راگەیاندنى پەرستگەى لالش، لوقمان سلێمان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتى: "جەژنى چارشەمبا سۆر کە جەژنى سەرى ساڵى ئێزدیانە یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دروستبوونى زەوى، زۆرینەى پێکهاتەکان ئەم جەژنە لەژێر ناوى جیا جیا دەگێڕن، لە دەستپێکى مانگى نیساندا هەموو ماڵێکى ئێزدى ئەو جەژنە دەگێڕن لەسەرەتا ٥٠ تا ١٠٠ هێلکە دەکوڵێنن و دواتر بە رەنگی جیاواز رەنگى دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتاى دروستبوونى زەوى و بە هەموو رەنگییەکانیەوە و هەروەها هێلکەکان بە رەنگەکانى سروشتى بەهار رەنگ دەکرێن خێزانە ئێزدیەکان لەم جەژنەدا دواى تەواوبوونى رێوەڕەسمەکان هێڵکەکان دەگوازنەوە بۆ سەر گۆڕى مردووەکانیان یانش وەک چاکەیەک بە هەژارانى دەدەن".
گوتیشى: "لە ئێواران کچ و کوڕان لە سروشتى بەهاردا گوڵى کولیلک دەهێنن وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى کە لە مانگى نیساندا کوردانى ئێزدى پڕۆسەى هاوسەرگیرى ئەنجام نادەن، بەڵکو مانگى نیسان وەک جوانترین بووکى ساڵ وەسف دەکەن".