13 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، رەجەب ئاکداغ: "بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ئافاد، تیمێکی فریاگوزاری ٧٠ کەسی لەگەڵ تیمی فریاگوزاری میدیکاڵی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە فڕۆکەیەکی کارگۆیی سوپای تورکیا بۆ رەوانەکردنیان بۆ ناوچەکە ئامادە دەبن".
ئاکداغ لەمیانی بەشداریکردنی لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی ٢٤ TV بەناوی حکوومەتی تورکیاوە ھیوای سەلامەتی بەھۆی بومەلەرزەکەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە خواست و رایگەیاند بە رێنمایی سەرۆکوەزیران بینالی یڵدرم دەستبەجێ ئامادەکارییەکان بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچەکە دەستی پێکردووە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە فەرمانگەی ئافاد و مانگی سووری تورکی و وەزارەتی تەندروستی پێکەوە بۆ ئەو مەبەستە لە ھەماھەنگیدان و راشیگەیاند خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ بۆ داوای ھاوکاریی ئامادە کردووە.
رەجەب ئاکداغ گوتیشی: "بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ئافاد، تیمێکی فریاگوزاری ٧٠ کەسی لەگەڵ تیمی فریاگوزاری میدیکاڵی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە فڕۆکەیەکی کارگۆیی سوپای تورکیا بۆ رەوانەکردنیان بۆ ناوچەکە ئامادە دەبن. ھەر کاتێک لە عێراقەوە ئاگادار بکرێینەوە، ئەوا تیمەکان بۆ ناوچەکە دەگوازرێنەوە".
لەبارەی چۆنیەتی گواستنەوەی ھاوکارییەکان بە رێگەی ئاسمانی، ئاکداغ ئاماژەی بەوە دا کە لەوبارەیەوە لە ھەماھەنگیدان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و ئاشکراشی کرد کە تیمێک بە رێگەی وشکایی لە شارۆچکەی سلۆپییەوە بۆ گەیاندنی چادر بۆ ناوچەکە بەڕێ کەوتوون.
راشیگەیاند کێشەی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا، وەک رێگرییەک لە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی ناڕوانن.