Zana Natık Kerem
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
بەغدا
لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێكەوت و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا چەند دۆسیەكی گرنگ تاوتوێ دەكات لەسەروویانەوە دۆسیەی بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە كە حەیدەر عەبادی لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوت.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە لەم سەردانەیدا، حەیدەر عەبادی بەجیا چاوی دەكەوێت بەسەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا لەنێویاندا، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، مایك پێنس و وەزیری دەرەوە، رێكس تیلەرسن و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، پۆڵ ریان و هەروەها چاوی دەكەوێت بەژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگریس و پیران.
بەپێی بەیاننامەكە كە لەو دیدارانەیدا، عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبوارەكانی ئەمنی، سەربازی، ئابووری و چەند بوارێکی دیكە تاوتوێ دەكات و هەورەها سەردانی ژمارەیەك دامەزراوە و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی دەكات و بەشداری لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات.
لە بەیاننامەكەدا، ماوەی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بۆ ئەمریكا دیاری نەكراوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، لەمیانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا كە تیایدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ كرد بەبۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ بانگهێشتێكی فەرمی حەیدەر عەبادی كرد بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتە بكات.