Sarp Özer,Hozan Mohammed Jabbar
27 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2023
هاتای - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند: "نزیکەی ٦٠ هەزار هاووڵاتیی سووریایی کە دوای بوومەلەرزەکە کەسوکار و ماڵ و حاڵیان لەدەست دا، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان. هەرگیز رێگە بە هیچ پەڕینەوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان نادەین".
ئاکار و شاندی یاوەری کە پێک هاتبوون لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، جەنەراڵ یەشار گولەر و ژمارەیەک فەرماندە لە پارێزگای هاتای کە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەشەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، هێڵی سەر سنووریان بەسەر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی هێڵی سەر سنوور لە هاتای، ئاکار لەبارەی رۆژەڤەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
خولوسی ئاکار لەبارەی کردەوە ئیستیفزازییەکان لە دانمارک گوتی: "هێرشکردنە سەر ئاڵاکەمان و کتێبە پیرۆزەکەمان نموونەیەکی بەرچاوی نەفرەت لێکراو و قێزەونە. ئەمە بە ئاشکرا تاوانی رق و کینەیە و دژبە مرۆڤایەتییە. هەرگیز ناتوانین ئەمە قبوڵ بکەین".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی ٦٠ هەزار هاووڵاتیی سووریا کە دوای بوومەلەرزەکە کەسوکار و ماڵ و حاڵیان لەدەست دا، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان و گوتی: "هەرگیز رێگە بە هیچ پەڕینەوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان نادەین".
ئاکار لەبارەی ئاسایشی سەر سنوورەکانەوە گوتی: "هەوڵ دەدرێت بە تەماحی کەسی و گوتاری دوور لە راستی و چەواشەکارانە، ئاسایشی سنوورەکان بکرێت بە پرسێک کە مشتومڕی لەسەر بکرێت. ئەمە رەفتارێکی لەڕادەبەدەر هەڵەیە".