بەدلیس
سەرەڕای ئەوەی كە ئێستا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانداین بەڵام لەسەر چیای نهمروودی شارۆچكەی تاتوانی سەر بە شاری بەدلیس هێشتا بە بەرزایی سێ مەتر بەفر بوونی هەیە.
لەكاتێكدا لە ناوچەكانی خۆرئاوای توركیا خەڵكی بە مەلەكردن و چوونە نێو دەریا هەوڵ دەدەن خۆیان فێنك بكەنەوە، هاووڵاتییانی بەدلیس بە سەركەوتن بەسەر ئەو بڕە بەفرەی لەسەر چیای نهمرووددا ماوە چێژ لە كەیف و خۆشی خواردنی شیرینی تێكەڵەی دۆشاو بە بەفر دەبینن.
هەریەك لە جێگری پارێزگاری بەدلیس ساڵح ئاڵتون و بەڕێوەبەری پەروەردەیی نەتەوەیی مەهمەت ئەمین كۆركماز بەسەر چیای نهمرووددا سەركەوتن و لە مانگی حوزەیراندا دۆشاو بە بەفریان خوارد.
ئاڵتون لە روونكردنەوەیەكدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند دۆشاو بە بەفر لە ناوچەكەدا جۆرە شیرینییەكی بەناوبانگە.
ئاڵتون ئاماژەی بەوەكرد لە ئەنتاڵیا لە مانگی حوزەیراندا هاووڵاتییان دەچنە نێو دەریاوەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە چێژ لە خواردنی دۆشاو بە بەفر لەسەر بەفر دەبینن و گوتی: "ئێمە لێرە یەكێك لە شیرینییەكانی سروشتی بەدلیس دەخۆین كە بریتییە لە دۆشاو بە بەفر، لەم وەرزەدا هێشتا لەسەر چیای نهمروود بەفر بوونی هەیە. ئەم شوێنە لە رووی گەشتیاری لە هاوین و زستاندا شوێنێكی زۆر گرنگە. ئەمساڵ رێگەی گەشتیاری نەمروود كە درێژیەكەی 28 كیلۆمەترە تەواو بوو. لەسەر چیاكەش شوێنێكی سەرنجراكێشمان هەیە بۆ هەڵخلیسكان لەسەر بەفركە لە شارەكانی دەورووبەرەوە خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكات. لە هەردوو وەرزی زستان و هاویندا جوانییەكی سروشتی جیاوازی هەیە. كاتێك لە لوتكەوە تەماشا دەكەیت دەریاچەی كراتەری نەمروود وەك دیمەنێكی بێ هاوتا لێ دیارە. دەریاچەی وانیش دەبینیت. خواردنی بەفر لەم وەرزەدا پەیوەندی بە جوانی و پێكهاتەی جوگرافی توركیاوە هەیە. پێویستە نرخی وڵاتەكەمان بزانین و خاوەنداری لەم وڵاتە جوانە بكەین. پێویستە بە تەواوەتی ئێرە بكەینە شوێنێكی گەشتیاری''.