Ahmet Kaplan
02 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2022
دیاربەکر- AA
دوو خێزانی دیکە، هاتنە ناو ئەو ئێشکگرییەوە کە دایکانی دیاربەکر بۆ گەڕانەوەی رۆڵەکانیان لەبەردەم بینای لقی سەرەکی هەدەپە، دەستیانپێکردووە و ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە.
لە سێی ئەیلوولی ٢٠١٩وە دایکانی دیاربەکر ئێشکگرییان دەستپێکردووە و ماوەی هەزار و ١٢٥ رۆژە بەردەوامن لە ئێشکگرییەکەیان.
سەدیقە ئالکان، دایکێکی خەڵکی هەکارییە و ١٤ ساڵ بەر لە ئێستا رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کوڕە تەمەن ١٨ ساڵانەکەیان رفاندووە بۆ چیا، هەروەها یاسین باش، باوکێکی خەڵکی ماردینە و حەوت ساڵ بەر لە ئێستا رێکخراوەکە کوڕە ١٨ ساڵانەکەی رفاندووە بۆ چیا.
لە ئێستادا هەریەکە لە ئالکان و باش، هاتوونەتە ریزی ئەو خێزانانەی لەبەردەم بینای لقی هەدەپە لە شاری دیاربەکرد ئێشکگرییان گرتووە و بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو خێزانانە بۆ ٣١٥ خێزان، بەرز بووەوە.
سەدیقە ئالکان، بە زمانی کوردی لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لەوە کرد کە لەو کاتەوەی کوڕەکەی رفێندراوە بۆ چیا، هیچ هەواڵێکی لێی نییە پەیامێکیشی ئاڕاستەی کوڕەکەی کرد و داوای لێکرد خۆی رادەست بکات.
بەهەمان شێوە یاسین باش، لە میانەی لێدوانێکیدا رایگەیاند: "پەکەکە کوڕەکەمی برد، ئەمە راستییەکەیە. هەمووان ئاگایان لە جگەرگۆشەکانیان بێت. یاخوا ئەوەی بەسەر ئێمە هات بەسەر کەس نەیەت".
ئەو باوکە داواشی لە کوڕەکەی کرد خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بکات.