Mohammed Baqi Hussein
26 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2016
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە ھەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ٥٠٨ گومانلێکراوی پەکەکە/کەجەکە، ٧٨ گومانلێکراوی داعش و ھەزار و ٩٦ گومانلێکراوی فەتۆ/پێکھاتەی دەوڵەتی ھاوتەریب، دەستبەسەرکراون.
بەپێی روونکردنەوەیەکی وەزارەتەکە لەنێوان ١٩ و ٢٦ی کانوونی یەکەمدا، ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ٢٢٠ ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجامداوە.
ئۆپەراسیۆنەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بەڕێوەچووە و تێیدا چوار کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندارکراوە.
لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە/کەجەکەدا، ٥٠٨ گومانلێکراو بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی پەکەکە دەستبەسەرکراون و لەو ژمارەیەش، ٧٨یان بەندکراون.
ھەر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا سێ حەشارگە و ١٨ بۆمبی چێنراو پووچەڵکراونەتەوە و ٦٠ کیلۆگرام تەقەمەنی، ١٢ نارنجۆک، ١٣ پارچە چەکی گەورە و ٣٦ پارچە چەکی دیکە دەستیان بەسەردا گیرا.
ھاوکات لە ئۆپەرسیۆنەکانی دژی داعشیشدا ٧٨ کەس دەستبەسەرکران و لەو ژمارەیەش، ١٢یان بەندکران.
لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی فەتۆ/پێکھاتەی دەوڵەتی ھاوتەریبیشدا ھەزار و ٩٦ گومانلێکراو دەستبەسەرکران و لەو ژمارەیەش، ٤٢٦یان بەندکران.
لەلایەکی دیکەوە لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا ھەزار و ٩٦٠ کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران و ٢٩ کەسیش کە ھاوکاربوون لە ھاتنە ناو تورکیا و بەڕێکردنی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا دەستبەسەرکران و لەو ژمارەیەش، ١٣یان بەندکران.