دیاربەکر
سەرۆکی گشتیی BDP سەلاحەددین دەمیرتاش لە بارەگای پارتەکەی لە شاری دیاربەکر، ئەو دەنگۆیانەی بە نادروست دانا کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن، گوتی: "تەنانەت بچوکترین گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکانی BDP لەئارادا نەبووە."
دەمیرتاش لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەتوانجەوە گوتی: "ئۆجالان بارمتەیەکی قۆڵبەستکراوە لەژێردەستتان. تێناگەم کێ بوو زەمینەی بۆ خۆشکردن و بەمەبەستی دەستپێکردنی پرۆسەکە بانگی کردنە دورگەی ئیمراڵی."
ھەروەھا گوتی: "بە ھیچ دانانی ئەو ھەنگاوانە لەلایەن حکومەتەوە، لە دووڕوویی بەولاوە شتێکی دیکە نییە. ھەروەھا بەڵێندان و نەبردنەسەری بەڵێنەکان کاری سیاسییە ترسنۆکەکانە. کە لە ئەنجامی ھەڵبژاردن دەترسن بۆ پرۆسەکەتان دەستپێکرد. کە ئامادەی دیالۆگ و ھەنگاوی جددی نین، بۆ ئەو خەڵکەتان سەرقاڵکردووە؟"
دەمیرتاش لەبارەی بەربەستی ١٠%یشەوە بۆ چوونە پەرلەمان گوتی: "ئێمە لە رۆژئاڤای تورکیا وەک HDP بەشداریی ھەڵبژاردن دەکەین، لە کوردستانیشدا وەک BDP بەشداری دەکەین. HDP پارتێکی جیا نییە لە BDPو لەسەر رێکەوتنی ھەموومان دامەزراوە و بەشێکە لە پارتەکەمان."