پەرلەمانی تورکیا
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان باسی لە رەوشی سیاسیی تورکیا کرد، لە تەوەرێکی گوتەکانیدا لەبارەی سروودی ئاندیمیز (سوێندی ئێمە) ەوە گوتی: "لە ساڵی ١٩٣٣وە ئەو سوێندە کرایە بەرنامەی بەیانییانی قوتابخانە بنەڕەتی و ناوەندییەکان و بە قوتابیان دەوترایەوە."
ئەردۆغان لەبارەی نووسەری ئاندیمزیشەوە گوتی: "رەشید غالب کە نووسەری ئاندیمزە، پێویستە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێ. ئەو بەشداری ستەمکاریی گۆڕینی بانگ بوو بۆ زمانی تورکی."
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەتوانجەوە گوتی: "پیاوە بیرمەندەکە رەشید غالب، مرۆڤەکانی بەپێی بیرکردنەوەی خۆی پۆڵین کردبوو."
ئەردۆغان لەبارەی رەخنەکان لە کۆتاھێنان بە سوێندی ئێمە گوتی: "کۆماری تورکیا دوورو نزیک پەیوەندی بەو سوێندەوە نییە، بەڵام CHP و MHP بەھۆی نەزانینی مێژووی سوێندەکەوە، بێ وردبوونەوە لە شتەکان نارەزایی دەردەبڕن".
ھەروەھا ئەردۆغان گرێدانی قەدەغەکردنی سەرپۆشی بە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە بە (نەفامیەکی گەورە) داناو گوتی: "ئەو کۆمارە لە ٢٨ی شوبات یان ٢٧ی ئایار دانەمەزراوە. بەڵکو لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ دوای قوربانیدانێکی زۆر دامەزراوە. ئەو ھەنگاوانەی ئەمڕۆ دەیاننێین لە بەرژەوەندیی ئەم کۆمارەیە. ئەوانەی کارەکانمان بە دژی بەرژەوەندیی کۆماری تورکیا پیشان دەدەن، لەناو نەزانییەکی گەورەدان."