ئادیامان
راشد غەنوشی، سەركردەی بزووتنەوەی نەهزەی تونس رایگەیاند: دڵنیابن هەموو جیهانی ئیسلامی، جیهانی عەرەبی و ستەمدیدانی جیهان شتانێكی زۆر لە پارتی داد و گەشەپێدان چاوەڕێ دەكەن. سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان تەنیا سەركەوتنی توركیا نییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا سەركەوتنی جیهانی ئیسلامی، ستەمدیدانی جیهانی ئیسلامی و ئازادیخوازانە.
لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی گشتی ئاك پارتی و سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو، غەنوشی بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری ئاك پارتیدا كرد.
غەنوشی بە یاوەری داودئۆغڵو چووە سەر شانۆی مەیدانی كۆبوونەوە جەماوەریەكە و سڵاوی لە ئامادەبوان كرد و بە گەرمی پیشوازیی لێكرا.
غەنوشی بە خوێندنەوەی ئەم ئایەتەی سورەتی ئیسرا "قل جاءَ الحق و زهق الباطل ان الباطل کان زهوقا " دەستی بە قسە كرد و گوتی: "لە تونسی پایتەختی بەهاری عەرەبییەوە سڵاوم بۆ گەلی ئادیامان هێناوە".
غەنوشی داوای لە ئامادەبوانی كۆبوونەوە جەماوەریەكە كرد شانازی بە پارتی داد و گەشەپێدانەوە بكەن و گوتی: "تەنیا خەڵكی توركیا چاوەڕوانیان لە ئێوە نییە، دڵنیابن هەموو جیهانی ئیسلامی، جیهانی عەرەبی و ستەمدیدانی جیهان شتانێكی زۆر لە پارتی داد و گەشەپێدان چاوەڕێ دەكەن. ئێوە میوانپەروەرن، باوەشتان بۆ ستەمدیدەكان كردۆتەوە. پەنای دوو ملیۆن ئاوارەی سووریاتان داوە، خوا لێتان رازی بێت. باوەڕبكەن جیهان چاوەڕێی زۆر شتە لە پارتی داد و گەشەپێدان. سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان تەنیا سەركەوتنی توركیا نییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا سەركەوتنی جیهانی ئیسلامی، ستەمدیدانی جیهانی ئیسلامی و ئازادیخوازانە".