واشنتۆن
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند: "لە میانەی دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریكادا دڵنیایان كردۆتەوە كە هێزەكانی پیشمەرگەی كوردستان بەشی خۆی لەو چەك و پێداویستییە سەربازیانەی دەبێت كە بۆ سوپای عێراق دابین دەكرێن".
لە كۆنفرانسێكدا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە كە لەلایەن رێكخراوی بیروهزر رێكخرا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە ساڵانی رابردوودا، كاتێ سەرۆك ئەركانی ئیستای سوپای ئەمریكا جەنەراڵ مارتن دێمپسی لە ساڵی 2007دا لە عێراق كاری دەكرد، بەڵێنی دا سوپای عێراق هەرچیەك وەربگرێت، هێزەكانی پێشمەرگەش وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری نیشتمانی عێراق بەشێ خۆی بدرێتێ، بەڵام لەو رۆژەوە تا ئێستا پێشمەرگە نە فیشەكێكی وەرگرتووە نە هیچ پارچە چەكێك".
گوتیشی: "لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریكادا قسەمان كرد، ئەوان دڵنیایی ئەوەیان پێداین كە لەمەولا بەشی پێشمەرگە بدرێت و خۆشیان ببنە چاودێری بابەتەكە. پێشتر دڵنیایی فەرمی نەدرابووە ئێمە لەو بارەیەوە. دڵخۆشین بەم بەڵینە، بۆیە بە دڵخۆشی و ئومێدەوە دەگەڕیینەوە وڵاتەكەمان".
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵ و دەنگوباسی ئەمریكی ئەی پی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپێك رۆژنامەنووسی ئەمریكیدا رایگەیاندووە: "دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە، كە ئەگەر بەدەست ئێمە بیت دەمانەوێت هاوكارییەكانی سەربازی راستەوخۆ وەربگرین. لە پێگەی خۆمانەوە هەنگاومان بۆ دواوە هەڵنەناوە. سوورین لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئەو چەك و پێداویستیانە بگاتە دەستی پێشمەرگە. ئێمە پەیوەندیمان بە جیاوازی بۆچوونی كۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەمریكاوە نییە لەو بارەیەوە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی توركیاوە، بارزانی دڵخۆشی خۆی نیشاندا بە ئاستی پەیوەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، پشتیوانی خۆیشی بۆ قۆناغی چارەسەری دووپات كردەوە.
گوتیشی: "لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، توركیا سەرەتا هەندێ كشانەوەی پێوە دیار بوو، بەڵام ئێستا ئەوانەی كەم كردۆتەوە. ئەگەر هەماهەنگی توركیا و ئەمریكا نەبووایە نەدەتوانرا كۆبانی رزگار بكرێت".