ئیستانبوڵ - AA
د. نەجمەددین ئاجار لە گوتارێکیدا بۆ بەشی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق کرد کە هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵاتەکە دەکەن، لەگەڵ کاریگەریی ئەو پەرەسەندنانە لەسەر جیۆپۆڵهتیكی وزە.
***
عێراق کە ساڵانێکی زۆر یەکێک بوو لە کاراکتەرە گرنگەکانی ناوچەکە، دوای داگیرکردنی لە ٢٠٠٣دا لەلایەن ئەمریکاوە لاواز بوو، و لە هاوکێشەکان کشایەوە، لەم چەند رۆژەی دواییدا ناسەقامگیرییەکی دیکە یەخەی ئەو وڵاتەی گرتووە. وێڕای تێپەڕبوونی ١٠ مانگ بەسەر دواهەمین هەڵبژاردندا، هێشتا کابینەی نوێی حکوومەت پێک نەهێندراوە و وا دەردەکەوێت ناکۆکییەکانی نێوان کاراکتەرە گرنگەکانی وەک شیعە، کورد و سوننە وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ناسەقامگیریی ئەم دواییە لێک بدرێتەوە.
وێڕای گرنگی بابەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە دوای جەنگی ساردەوە، گرنگترین پێشهات کە دەبێتە هۆی ئەوەی ناسەقامگیری ئەم دواییەی عێراق لەبەرچاو بگیرێت، زیادبوونی گرنگی جوگرافیای وزەی جیهانە لەم ماوەیەی دواییدا. عێراق جگە لەوەی بەرهەمهێنەرێکی گرنگی نەوت و گازی سرووشتییە، هەروەها لە قۆناغێکدا کە گرنگیپێدان بۆ جێگرەوەی سەرچاوەی وزە لە کاتی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا زیادی کردووە، عێراقی کردووەتە گرنگترین کاراکتەری ئاسایشی وزەی جیهانی بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی گازی سرووشتیی لە کەنداوەوە بۆ خۆرئاوا. گواستنەوەی ئهو سهرچاوانهش دوو بابەتی گرنگن ئەوانیش سەقامگیری سیاسی لە عێراق و پەیوەندیی ئەرێنی نێوان عێراق و تورکیا، بەڵام بە هۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە هەردوو رووەوە پاشکەشە رووی داوە.
- ههڵكشانی بایهخی وزەی عێراق
لە دوای ٢٠٠٠ەوە ئاسایشی وزە کە لە سیاسەتی جیهانیدا تا دێت گرنگی زیاتری پێدەدرێت، کە بە واتای گەیشتنی سەرچاوەکانی وزە دێت بەبێ پچڕان و بە کوالیتییەکی باش و نرخێکی گونجاو، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا ئاسایشی وزە بووەتە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهان بە تایبەت بۆ وڵاتانی ئەورووپا.
رووسیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی وزە وەک چەکێک بەکار دەهێنێت و گرنگترین هۆکاری ئەمەیش وابەستەیی وڵاتانی ئەورووپایە بە گازی سرووشتیی رووسیاوە. گرنگترین بەربەرستی بەردەم گەیشتنی وزە بە شێوەیەکی بەردەوام و بە نرخێکی گونجاو بۆ سەپاندنی سزاکان دەگەڕێتەوە بۆ سەر یەکتر لەنێوان رووسیا و وڵاتانی ئەورووپا کە بەهۆی کەمی خستنەڕووی وزەوە، نرخی بەرز بووەتەوە.
زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئاسایشی وزە بەهۆی جەنگەکەوە، هەوڵەکانی وڵاتانی ئەورووپای لێکەوتەوە بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوەی وزەی جێگرەوەدا. هەرچەند وڵاتانی ئەورووپا لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵ دەدەن وەبەرهێنان بکەن لە وزەی ئەتۆمی، سەرچاوەکانی وزهی نوێبووهوه و گازی سرووشتیی شلکراوە لە کەنداو و ئەمریکا و وڵاتانی ئەفریقایشەوە هاوردە بکەن، بەڵام ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە بتوانن بەو پلانانە وابەستەبوونیان بە گازی رووسیا بە رێژەی نزیکەی لە سەدا ٤٠ کەم بکەنەوە. بە کورتییەکەی کێشەی ئاسایشی وزەی ئەورووپا بە تەواوی تەنها بەوە چارەسەر دەکرێت کە لە کێڵگەیەکی گازی سرووشتی گەورەوە، گاز بە بۆری بگوازرێتەوە بۆ ئەورووپا.
کاتێک تەماشای یەدەگەکانی گازی سرووشتیی دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەتوانین بڵێین بڕی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا و کۆتایی هێنان به پەیوەستبوونی ئەورووپا بە رووسیاوه، تەنها لە کەنداوی بەسرە هەیە. کایەی گازی سرووشتیی باشووری فارس کە دەکەوێتە سەر کەنداوی بەسرە و لە نێوان ئێران و قەتەردا دابەش کراوە گەورەترین کەناری تایبەت بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لە جیهاندا. لەم ناوچەیەدا لە بەرامبەر یەدەگی ٥٠ ترلیۆن مەتر سێجای گازی سرووشتیی رووسیا، نزیکەی ٦٠ ترلیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتیی هەیە. سەدا ٢٤ی پشکەکانی ئەم کایەی گاز هی رووسیایە، لە دوای ئەویش سەدا ١٧ی هی ئێران و سەدا ١٢ی هی قەتەرە.
لە میانەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزە وەک چەکێک، وڵاتانی ئەورووپا سەرنجیان خستە سەر ناوچەی کەنداو کە لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتییە. ئەمەش وای کرد پرسی دروستکردنی بۆری بۆ گواستنەوەی گاز لە کەنداوەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، ببێته باسی رۆژ.
بەهۆی ئەم بەرەوپێشچوونانەشەوە لە ئێستادا عێراق کە بەرهەمهێنەرێکی گرنگی نەوت و خاوەنی یەدەگێکی زۆری گازی سرووشتییه، بووەتە خاوەنی یەکێک لە گرنگترین پێگە جیۆپۆڵهتیكییهكان. بەڵام لەبەرئەوەی لە ئێستادا عێراق خاوەنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی تایبەت بە دەرهێنانی گازی سرووشتیی نییە، ساڵانە نزیکەی ٢٠ ملیار مەتر سێجا گاز کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوتی عێراق، دێتە دەرهوه، بەهەدەر دەڕوات. خاڵی گرنگتریش ئەوەیە کە عێراق لە گواستنەوەی گازی سرووشتیی کەنداو بۆ ئەورووپا، رۆڵی کلیلی هەیە. چونکە یەدەگەکانی گاز تەنها لە رێی تێپەڕبوون بە عێراق و تورکیادا دەتوانن بگەنە ئەورووپا. هەربۆیە ئاسایشی نێودەوڵەتی وزە راستەوخۆ پەیوەندی بە سەقامگیری سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-عێراق هەیە.
- ئاستی ئاسایشی وزە لە ناسەقامگیرییەکانی عێراقدا
دوابەدوای لوتکەی تورکیا-رووسیا-ئێران، کە لە ٢٠ی تەمووزدا لە تاران بەسترا، لە شارۆچکەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک هێرشێک بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامدرا، راستەوخۆ دوای پەلامارەکە کۆمەڵێک لێدوان دران کە تورکیایان وەک بەرپرسیاری ئەنجامدانی هێرشەکە ناوبرد، لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بەغدا و حکوومەتی هەرێم گرژییان تێکەوت. هاوکات هێرشکردنە سەر ناوەندە دیپلۆماتییەکانی تورکیا لە عێراق، هێندەی تر گرژییەکانی زیاد کرد. ماوەیەکی کەمیش لە دوای ئەم رووداوانە، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، هێرشیان کردە سەر پەرلەمان و ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ناسەقامگیرییەکانی وڵات.
شرۆڤە کردنی ئەم رووداوانەی عێراق کە ساڵانێکی زۆرە بووەتە مەیدانی شەڕی سوننە-شیعە و ئێران-وڵاتانی رۆژئاوا، بەبێ زانینی زیادبوونی گرنگی عێراق لە روانگەی جیۆپۆڵهتیكیی وزەی جیهانییەوە، کارێکی زۆر سەختە.
بەکارهێنانی کارتی وزە وەک کاریگەرترین چەک لەلایەن رووسیاوە بەرامبەر خۆرئاوا کە لە رکابەرایەتیدایە لەگەڵیان، وای لە کاراکتەره خۆرئاواییهكان کردووە لە گرنگیی وڵاتانی کەنداو بکۆڵنەوە. لەم قۆناغەدا ئێران کارتی وزە بەکاردەهێنێت بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی و نزیکبوونەوەی ئێران-خۆرئاوا، سعوودیەکانیش بۆ دابینکردنی ئاسایشی رژێمەکەیان لەلایەن خۆرئاواییەکانەوە بەکاری دەهێنن.
لە سەردەمێکدا کە وزە لەلایەن رووسیا، ئێران و سعوودیەوە بەو پێوەرە وەک ئامڕازێکی سیاسیی بەکاردەهێندرێت، ئەگەری عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی سرووشتیی خۆی و گازی سرووشتیی کەنداو بۆ خۆرئاوا، دوو مەترسی گەورە بۆ رووسیا، ئێران و سعوودیە دروست دەکات کە بە کاراکتەرانی گەورەی وزە دادەنرێن لە ناوچەکەدا. یەکەم: بوونی عێراق بە رێڕەوێکی ئارامی گواستنەوەی وزە، بەشێوەیەکی بەرچاو هەوڵی رووسیا، ئێران و سعوودیە لاواز دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان. دووەم: بوونی هێڵى گازی سرووشتیی قەتەر-عێراق-تورکیا بە رێڕەوێکی کاریگەری گواستنەوەی وزە، پێگەی تورکیا دەکاتە وڵاتێکی ناوەند لە وزەدا و گرنگترین کاراکتەر لە ئاسایشی وزەی جیهانییدا.
هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کەسانی مەدەنی لە باکووری عێراق، هێرشەکانی سەر نوێنەرایەتیە دیپلۆماتییەکانی تورکیا و قەیرانی سیاسیی وڵات کە قوڵبووەتەوە، تەنیا بە واتای ئەوە نایەت کە گرنگی عێراق لە جیۆپۆڵهتیکی وزەی جیهانیدا بەفیڕۆ دەچێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئەو پەرەسەندنانەی لە عێراق روو دەدەن دەبنە هۆی تێکدانی رۆڵی ئەرێنی تورکیا کە دەیگێڕێت لە بواری وزە و ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا، لەگەڵ ئەوەشدا رێگری دەکەن ئەورووپا رزگاری بێت لە وابەستەیی بە وزەی رووسیا. ئەو وڵاتانەی وزە وەک چەکێک بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان بەکاردەهێنن، زۆرترین سوود دەبینن لەو ناسەقامگیرییەی وڵاتەکهی تێکەوتووە، لەگەڵ ئەو گرژییەی هەیە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقدا.
* بیر و بۆچوونەکانی ناو وتارەکە پەیوەندیی بە نووسەرەوه هەیە و رەنگدانەوەی سیاسەتی سەرنووسەری ئاژانسی ئانادۆڵو نییە.
news_share_descriptionsubscription_contact

