Zana Natık Kerem
01 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە میانی خۆپیشاندانەکانیاندا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢ وەک خۆیان دەڵێن بۆ پاڵپشتییکردن لە شەرعییەت و دەستوور دەستیان پێکردووە، ھەوڵی چوونە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا دەدەن، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێدەکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەرانی لایەنگری چوارچێوەی ھەماھەنگی ھێڵی یەکەم و دووەمی بەربەرستە ئەمنییەکانیان تێپەڕاند و ھەوڵی چوونە ناوچەی سەوز دەدەن، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان بە بەکارھێنانی ئاو رێگریان لێ دەکرێت.
لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە کاتێکدایە ھەوڵدەدەن بچنە ناو ناوچەی سەوزە کە لە ھەمان کاتدا خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.
لەئێستادا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ترسی ئەوەیان ھەیە رەوشەکە سەربکێشێ بۆ خوێنڕشتن.
ھەروەھا ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکاران وای بۆ دەچن، ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات، سەرەتایەکە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازی راستەقینە.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی ھۆشداریی دەدەن کە ئەگەری ھەیە بەھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا رووبدات.