Muhammet Ali Kemal
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆ سەر پێگەکانی تیرۆریستان لەباکووری سووریا بەردەوامە، لە ١٤٩ەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٨٢ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرانە ئامانج و ١٨ تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران. ھاوکات فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان ٣ پێگەی داعشیان بۆردوومان کرد.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لەباکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
لە ١٤٩ ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گرووپەکانی ھێزی ئەرکی تایبەت کە لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێکھاتوون، بەپشتیوانی بۆردومانی چڕی ئاسمانیی و زەمینی، ھەوڵەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ھەریەک لە سوفلانییە و قەبر ئەلموکری بەردەوامە.
لەو چوارچێوەیەشدا ١٦٤ شوێنی حەوانەوە، سەکۆی بەرگریی، ناوەندی فەرمانداریی، چەک و ئۆتۆمبیلی چەکدارانی داعش کرانە ئامانج و لەناوبران کە پێشتر دیارییکرابوون.
ھاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزی ئاسمانیی تورکیا ١٨پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەھەریەک لە بزاعە، ئەلباب و قەبر ئەلموکری، بۆردومان و خاپوورکرد کە پێکھاتبوون لە ١٦ شوێنی مانەوە و ٢ بارەگا.
لەلایەکی دیکەوە ٣ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە لەلایەن سوپای تورکیاوە لەھەریەک لە بزاعە و قەبر ئەلموکری، دەستنیشانکرابوون، لەلایەن فڕۆکەکانی ھاوپەیمانەوە خاپوورکران.
- ھێرشی ئاسمانیی رووسیا بۆ سەر ئەلباب
لەئەنجامی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ رووسیادا کراوە، لەناوچەی ئەلباب لەباشووری ھێڵی ھەماھەنگییەوە، ژمارەیەک پێگەی دەستنیشانکراوی داعش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان کران.
ھاوکات لەئەنجامی ھێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکاندا بەدرێژایی رۆژ، ١٨ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە ٢٥ بۆمبی دەستکرد لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٢ ھەزار و ٩٧٠ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و ٤٣ مین بەشێوەی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.