Sarp Özer
15 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2021
وان - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوە کرد کە بەرامبەر ئەگەری هەر جموجۆڵێک یەکەی سەربازیی رەوانەی سنووری ئێران کراوە و رۆژانە زیاتر لە ١٥٠ کەمین و هەڵمەتی پشکنین ئەنجامدراوە.
ئێوارەی دوێنێ خولوسی ئاکار، بە یاوەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا، جەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، جەنەراڵ موسا ئاسەڤەر و فەرماندەی سوپای دووەم، جەنەراڵ مەتین گورەک رێوشوێنەکانی وڵاتەکەی لە سنوور لەگەڵ ئێران بەسەر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی رێوشوێنەکان لە زەمینی و وشکانییەوە، خولوسی ئاکار و فەرماندەکان لە شەشەمین فەرماندەیی لیوای سنوور لەگەڵ فەرماندەییەکانی یەکەی سنوور و پارێزگاری وان، مەهمەت ئەمین کۆبوونەوە.
خولوسی ئاکار لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەکە پێشکەشی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ ئاسایشی سنوور کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بە درێژایی رۆژ ئەو رێوشوێنانەی بەسەر کردووەتەوە کە لە ناوچەکەدا گیراونەتەبەر.
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوە کرد کە یەکەکانی سەر سنوور لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا لە سەرانسەری وڵاتدا، ٩١ هەزار و ٧٨ کەسیان دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە بە رێگەی نایاسایی بچنە تورکیاوە و گوتی: ''ژمارەی ئەوانەی لە سنوور لەگەڵ ئێران دەستگیرکراون ٥٨٧ کەسن. ژمارەی ئەوانەشی رێگریان لێکراوە لە سنوورەکانمانەوە بێنە ناوەوە ١٨١ هەزار و ٣٢٨ کەسە. بە جێبەجێکردنی هاریکاریی سەربازیی و مەدەنیی هەموو کارێکی پێویست دەکرێت. لەلایەک سەرباز، لەلایەک بەرپرسانی ئیداریی و لەلایەکی دیکەشەوە داواکارانی گشتیی کۆماریی بەشێوەیەکی چڕ کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن''.