Tayfun Coşkun
08 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2023
سان فرانسیسکۆ-AA
دوای بوومەلەرزەکانی پارێزگای مەڕەش لە شارەکانی سان فرانسیسکۆ و سلیکۆن ڤالیی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، کۆمەک و هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوانی تورکیا و سووریا کۆکرایەوە.
بەهەماهەنگی باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن هاوکارییەکان کۆکرانەوە و بڕیارە لەڕێی هێڵی تورکش ئێرلاینەوە بگەیەندرێنە لێقەوماوان.
هاوکارییەکان لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازانی سان فرانسیسکۆ و سلیکۆن ڤالی، کۆکراونەتەوە و ئامادە کراون تا بگەیەندرێنە دەستی لێقەوماوان.

یەکێک لە بەشداربووانی هەڵمەتەکە هاووڵاتییەکی سووریایی بوو بەناوی باسل هاشم، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە توانیویانە هاوکاری بۆ لێقەوماوانی تورکیا و سووریا، کۆبکەنەوە.
نور محەمەد، هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بوو و رایگەیاند: "کاتێک هەواڵی کارەساتەکەمان بیست، زۆر غەمبار بووین و هەوڵدەدەین هاوکاری لێقەوماوان بکەین. پشت بە خوا لە ئایندەیەکی نزیکدا برینەکان ساڕێژ دەبن".
لینا نابولسی خێرخوازێکی دیکەیە کە بە هێنانی جلوبەرگ و دایبی منداڵ بەشداری هەڵمەتەکەی کردووە و باس لەوە دەکات کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان.
