Halil İbrahim Sincar,Selahattin Erol
19 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
ماردین – AA
له قه‌زای میدیات سەربە پارێزگای ماردین شارێك له‌ژێر زه‌وی دۆزرایه‌وه كه بۆ سه‌ده‌ی دووه‌م و سێیه‌می دوای زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه و په‌رستگا، سایلۆ، بیری ئاو و رێڕه‌وی تیادایه.
میدیات كه له رووی مێژوویی و كولتوورییه‌وه وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌كی كراوه وایه، به خانووه به‌ردینه‌كانی كه مێژووییان بۆ هه‌زاران ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه، خان، مزگه‌وت، كڵێسا و دێره‌كانی سه‌رنجی گه‌شتیاران بۆ لای خۆی راده‌كێشێت.
دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دۆزرایه‌وه، به ته‌نها نییه و له رێگای رێڕه‌وه باریكه‌ڵه سهرداخراوهكانهوه ده‌چێته شوێنگه‌لی دیكه به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی شارێك له‌ژێر زه‌وی ده‌ست كرا به كاره‌كانی كنه‌كردن و پشکنین.
له میانی كاره‌كانی كنه و پشکنیندا به هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی مۆزه‌خانه‌كان و سه‌روه‌تی كولتووری وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شتیاری توركیا، مۆزه‌خانه‌ی ماردین و شاره‌وانیی میدیات شارێك له‌ژێر زه‌وی دۆزرایه‌وه كه ناوی "Matiate" به‌سه‌ردا دابڕێندراوه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ده‌ی دووه‌م و سێیه‌می دوای زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه و په‌رستگا، سایلۆ، بیری ئاو و رێڕه‌وی تیادایه.
ئاژانسی ئانادۆڵو دیمه‌نی ئه‌و شاره‌ی تۆمار كردووه كه له خاڵی دووه‌می مزگه‌وتی گه‌وره له میدیات كاره‌كانی كنه‌كردن و پشکنینی به‌رده‌وامن.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی میدیات، وه‌یسی شاهین به په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند كه كاره‌كانی كنه و هه‌ڵكۆڵین به‌رده‌وامن و گوتی: "ئه‌م شاره كه پێكهاته‌كانی چاخی ئانتیك و ناوه‌ڕاست له‌خۆ ده‌گرێت، هێنده‌ی دیكه میدیات كه ئه‌ستێره‌ی به‌ختی دره‌وشاوه سه‌رنجڕاكێشتر ده‌كات".
به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی ماردین و سه‌رۆكی تیمی كنه و پشكنینی پرۆژه‌كه، غانی تاركان به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه له‌سه‌ر داواكاری شاره‌وانی له تایبه‌تمه‌ندی ئه‌شكه‌وته‌كه‌یان كۆڵیووه‌ته‌وه و گوتی: "له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا بۆمان ده‌ركه‌وت كه ئه‌م ئه‌شكه‌وته به ته‌نها نییه و له رێگای رێڕه‌وی باریكه‌ڵه‌ی سهرداخراوهوه به ماڵ وماڵی جیاوازی ئه‌شكه‌وتی دیكه‌ی ژێر زه‌وییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. له‌و كاته‌وه ده‌ستمان كرد به كاره‌كانی كنه و هه‌ڵكۆڵین له دوو خاڵی دیكه‌یشدا".
غانی تاركان ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانی كنه و هه‌ڵكۆڵین له شاره‌كه، ده‌بێته یه‌كێك له‌و شارانه‌ی ژێر زه‌وی كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ناسرێت، گوتی: "نموونه‌كانی هاوشێوه له فه‌ڕه‌نسا و ئیتاڵیا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان زۆر بچووكترن له‌وه. شارێكی هێنده گه‌وره (پێشتر) نه‌دۆزراوه‌ته‌وه".
ناوبراو تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا ده‌ستیان كردبوو به كاركردن له ئه‌شكه‌وتێكی سێ ژووری كه تاكوو ئه‌م ماوانه‌ی دوایی وه‌ك ته‌ویله و كۆگای خۆراكی ماڵ به‌كار ده‌هێندرا، به‌ڵام دواتر به‌ره‌و شارێكی گه‌وره له‌ژێر زه‌وی ده‌چوون، گوتی: "سه‌ره‌تا له ئه‌شكه‌وتێكی سێ ژوورییهوه ده‌ستمان پێ كرد. له‌وێ تونێڵك هه‌بوو به‌ره‌و باكوور كرابووه‌وه. درێژی تونێڵه‌كه ١٠٠ مه‌تره. له رێگای ئه‌وێوه توانیمان بگه‌ینه شوێنی جیاواز. ٤٩ ژوور دۆزراونه‌ته‌وه وه‌ك كڵێسا و سیناگۆگ. له‌وانه‌یه چه‌ند په‌رستگایه‌كی تیادا بێت. له‌نێو ئه‌و شوێنانه‌دا سایلۆ و بیری ئاو هه‌ن. به‌پێی سه‌ره‌داوه‌كان مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی دووه‌م و سێیه‌می دوای زایین".