ماردین
كاندیدی ئاكپارتی بۆ نوێنەرایەتی کردن لە پەرلەمانی تورکیا ئۆرهان میرئۆغڵو لە چوارچێوە هەڵمەتی پڕۆپاگەندەی خۆیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر بە هۆی ئەوەی كە بە زمانی كوردی قسەم كرد بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ژێر چاودێریدا بووم بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا ئەوەی دەیەوێت بە كوردی، عەرەبی و سوریانی قسە دەكات".
میرئۆغڵو باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی كرد و گوتی: "ئەو ئاشتی و ئارامی و تەباییەی لە سایەی قۆناغی چارەسەرییەوە بەدێ هاتووە هەموو لایەک پشتگیری لێ دەكات و هاووڵاتییانیش خاوەنداریەتی لە قۆناغی چارەسەری دەكەن و با كەس گۆمانی لەوە نەبێت كە قۆناغی چارەسەریی هەر دەگاتە ئەنجام".
میرئۆغڵو باسی لە گرنگی بانگەوازی دانانی چەك كرد كە ئاراستەی پەكەكە كراوە و گوتی: "ئەگەر وەكو ئەوەی كە ئوجەلان باسی لێوەكردبوو پێش هەڵبژاردن و لە وەرزی بەهاردا كۆنگرەی دانانی چەك ببەسترێ و بڕیاری كێشانەوە دەركرێ ئەوا پێم وایە توركیا لە كەشوهەوایەكی زۆر ئاشتییانەدا هەڵبژاردنی ئەمساڵی بەڕێ دەكرد".
ئەو کاندیدەی ئاکپارتی گوتی: "لە سایەی ئەو گۆڕانكارییانەی بەم ساڵانەی دوایی لە توركیا ئەنجام دراون كۆتایی بە سیاسەتی نكۆڵی كردن هاتووە، ئەگەر كۆتایی بە قۆناغ و سیاسەتی نكۆڵی كردن نەهاتبایە ئەوا رەنگە كەسانی وەكو ئێمە لە نێو پارتە كوردییەكاندا كاریان كردبا. بەڵام ئەمڕۆ من، موحسێن قزڵکایا و كەسانی دیكە لەسەر لیستی ئاكپارتی خۆمان كاندید كردووە و ئەمەش بە هۆی ئەوەی كە كۆتایی بە قۆناغی نكۆڵیكردن لە كورد هاتووە".
میرئۆغڵو گوتی: "لە سەر ئەم خاكە كە لە رابردوودا خوێنی برا بە دەستی برا رژاوە كارەساتی گەورە رووی داوە و تاقە رێگەی سارێژكردنی هەموو ئەو برینانە كۆبوونەوەمان لە دەور ئاكپارتییە كە نوێنەرایەتی هەموو توركیا دەكات".
ئۆرهان میرئۆغڵو گوتی: "لە رابردوودا لە توركیا كێشە و گرفتی زۆر گەورە لە بەردەم زماندا هەبوو بەڵام بە هۆی گۆڕانكارییە یاساییەكان لە لایەن حكوومەتەوە ئەو كێشە و گرفتانە نەماون. ساڵی 2007 كاندیدی سەربەخۆی هەڵبژاردن بووم لە مێرسین بە هۆی ئەوەی كە بە كوردی گوتەیەكم پێشكەش كرد دادگایی كرام بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی دەیەوێت بە زمانی كوردی، عەرەبی و سوریانی قسە دەكات".