Durmuş Genç,Tezcan Ekizler
23 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2023
قەهرەمانمەڕەش - AA
دوای بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش، هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و ساڕێژکردنی برینەکان لە قەزای ئەفشین سەربە پارێزگای قەهرەمانمەڕەش بەردەوامن.
زیاتر لە هەزار فەرمانبەر و خۆبەخش شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی قەزای ئەفشین کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
قایمقامی چۆروم، مستەفا چیفتچی کە ئەرکی هەماهەنگیی کارەکانی لە قەزاکە پێسپێردراوە، سەرپەرشتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکات و هاریکاریی نێوان تیمەکان مسۆگەر دەکات.
دوای تەواوبوونی کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە قەزاکەدا، داروپەردووی ئەو باڵەخانانە لادەبرێن کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکاندا داڕووخاون.
سەرۆکی شارەوانی ئەفشین، مەهمەت فاتح گوڤەن بە پەیامنیری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، یەکەم بوومەلەرزە کە لە کاتژمێر ٤:١٧ی رۆژی شەشی شوباتدا روویدا، کاریگەریی زۆری لەسەر سەنتەری قەزای ئەفشین نەبووە، هیچ باڵەخانەیەک نەرووخا، تەنها هەندێک لە باڵەخانەکان زیانیان بەرکەوت و دوو کەس برینداربوون.
گوڤەن ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی زانییان بوومەلەرزەکەی قەهرەمانمەڕەش کاولکاریی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەگەڵ تیمی فریاکەوتن بەڕێکەوتوون و گەیشتوونەتە ناوچەکە.
- "بە جیاوازیی چەند چرکەیەک رزگارمان بوو"
بە ئاماژەدان بەوەی دوای بوومەلەرزەکە چادر و کەرەستەی بیناسازییان گەیاندووەتە ناوچەکە و لە ماوەی ٤٥ خولەکدا کەسێکیان رزگار کردووە و تەرمی دوو کەسیان دۆزیەوەتەوە، گوڤەن گوتی: "لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانماندا بەر بوومەلەرزەکەی ئەلبستان کەوتین. بە جیاوازیی چەند چرکەیەک رزگارمان بوو".
گوڤەن روونیشی کردەوە کە کەسانێک هەبوون لە ئەنجامی بوومەلەرزەی دووەم لە قەزاکەدا گیانیان لەدەست دا و لەگەڵ تیمەکانیان لە ئەفشین و بەشدارییان لە هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردندا کرد و گوتی: "٤٣ باڵەخانەمان داڕووخان، ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەکان زیانی زۆریان پێگەیشت. ١٥٥ کەسیش گیانیان لەدەست دا".
سەرۆکی شارەوانی ئەفشین، مەهمەت فاتح گوڤەن راشیگەیاند، بە هەماهەنگی قایمقام لە رۆژی سێیەمەوە کارەبای نیشتمانیی بۆ هەموو قەزاکە بە گوندە دوورەکانیشەوە، دابین کراوە و تا ئێستا پشکنین بۆ تەواوی تۆڕەکانی گازی سروشتی کراوە و لە رۆژی چوارەمەوە سەرجەم دەرمانخانەکان لە قەزاکە کراونەتەوە.
- "ئێمە ژیان ئاسایی دەکەینەوە"
مەهمەت فاتح گوڤەن ئاماژەی بە دامەزراندنی کەمپێک بۆ لێقەوماوان کرد و گوتی: "لە ناوەندی قەزاکە کەمپێک کە لە سێ هەزار کۆنتێنەر پێکدێت، دادەمەزرێنین، هەروەها ئەو ناوچەیەمان دیاریی کردووە کە یەکەی نیشتەجێبوونی تیادا دروست دەکەین. TOKİ لە قۆناغی یەکەمدا، ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکات. ناوچەیەکی یەدەگی دیکەمان دەستنیشان کردووە. لە ئەمڕۆوە لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی لەوێ ئەنجام دەدەین. ژیان ئاسایی دەکەینەوە".
گوڤەن روونیشی کردەوە کە شارەوانی چۆروم بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی لە قەزاکەدا ژیان بەخێرایی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و گوتی: "ئەفشین قەزایەکە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٨٣ هەزار کەسە. بەتایبەت لە ناوچەی یەشیلئەڤلەر ژمارەیەک باڵەخانە داڕووخاون. گوندەکان زیانی گیانی کەمتریان پێگەیشتووە بە بەراورد بە ناوەندی قەزاکە. چادر و پێداویستیی خۆراک گەیەندرایە هەموو گوندەکان. کار دەکەین بۆ ئەوەی ژیان بەخێرایی ئاسایی بکرێتەوە".