Mehmet Şah Yılmaz
14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە- AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی بەشێوەی نووسراو وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە بارەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و قوبرسی باشوور ئاراستەی کرابوو.
حامی ئاکسۆی ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە ١٢ی ئەیلوولدا رێککەوتننامەیەک لەنێوان ئەمریکا و کۆماری قوبرسی باشوور واژوو کراوە و تیایدا پێشنیازکراوە "ناوەندی ئاسایشی زەمینی، کەناراوەکان و بەندەر" لە کۆماری قوبرسی باشوور دروست بکرێت، ئەمەیش بەمانای بەهیچدانانی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور دێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوەیش کردووە کە ئەم رێککەوتنە هیچ خزمەتێک بە ئاشتی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ناکات و زیان لە چارەسەری پرسی دوورگەی قوبڕس دەدات.
حامی ئاکسۆی ئەوەیشی وەبیرهێناوەتەوە کە ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا بۆ هەڵگرتنی سزای فرۆشتنی چەک لەسەر قوبرسی باشوور و داخڵکردنی بەشی رۆمی دوورگەکە بۆ ناو پڕۆگرامی مەشقی سەربازی خۆی گرتوونیەتییەبەر بووەتە هۆی زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تێکدانی نێوانی هەردوو گەلی رۆم و تورک لە قوبرس.
حامی ئاکسۆی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە میانی سەردانەکەی بۆ قوبرس بەپێچەوانەی رەفتاری هەمیشەییەوە سەردانی بەشی تورکی دوورگەکەی نەکردووە و نووسیویەتی:
"ئەم هەنگاوانە بۆ پەراوێزخستنی تورکەکانی قوبرس کە هەمان مافی رۆمییەکانیان هەیە تەنها ئەنجامی قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان دەبێت، هەروەها نابێتە هاندەر بۆ هیچ چارەسەر و رێککەوتنێک".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای ئەوەی لە ئەمریکا کردووە هاوشێوەی رابردوو رۆڵی بێلایەنانە لە پرسی قوبرس بگێڕێت و پشتیوانی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی دوورگەکە بکات.