واشنتۆن
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی ٥+١ و ئێران بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەك لە شای بەحرێن حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، میری كوێت شێخ سوباح ئەحمەد جابر ئەسوباح، میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و میری ئەبو زەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهەیان-ەوە ساز كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی ئەمریكا سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە هاتووە: "ئۆباما لەگەڵ سەركردەكانی ئەو وڵاتانە باسی لە رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی ٥+١ و ئێران كردووە".
ئۆباما لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جەختیكردووەتە كە: "ھیچ رێكەوتنێك واژۆ ناكرێت تا ئەو كاتەی لایەنەكان بەتەواوەتی ھەموو پرسەكان یەكلایی نەكەنەوە، ھەروەھا چەند مانگی داھاتوو بە پشت راستكردنەوەی ئەوەی كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئامانجی ئاشتیی و دیاریكردنی لایەنە تەكنیكیەكانە بۆ رێككەوتنێكی گشتگیر ئاماژە پێكردووە".
ئۆباما لە بەشێكی پەیوەندییە تەلەفۆنیەكانی لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی كەنداو: "داوای لە سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو كردووە كە بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و گەیشتن بە رێككەوتنێکی گشتگیر ھاوكاربن، ھەروەھا بانگھێشتی كردوون بۆ كۆبوونەوە لە "كامپ داڤید" كە بڕیارە لەم وەرزەدا ساز بكرێت".