Muhammet Ali Kemal
02 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2017
ئیستانبوڵ- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و هاوتا سعوودییەکەی، عادل جوبەیر لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، بۆ یەکەمجار لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمیتەی راپەڕاندنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لەسەر خواستی تورکیا و بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی مزگەتی ئەقسا، بە شێوەیەکی نائاسایی لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە، ژمارەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام دا.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە دیبلۆماسییەکانەوە دەستکەوتوون، چاوشئۆغڵو و جوبەیر کە بۆ یەکەمجار دوای سەرهەڵدانی قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان کۆبوونەتەوە، دەرفەتی ئەوەیان هەبووە کە تاوتوێی ئەو بابەتانە بکەن کە پەیوەندیی بە هەردوولاوە هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و جێگری وەزیری دەرەوەی کامیرۆن، ئادوم گارگوم و وەزیری دەرەوەی ئیندۆنێزیا، رێتنۆ مارسودی و وەزیری دەرەوەی حکوومەتی سازانی نیشتمانیی لە لیبیا، محەمەد تاهیر سەیالە کۆبوویەوە و بابەتە هەنووکەییەکانیان تاوتوێ کرد.