Gökhan Çeliker
15 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لە بواری هاریکاریی سەربازیی و ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە نێوان تورکیا وعێراق ڕاگەیاند و، بە گرنگی مێژوویی لەقەڵەمیدا.
لە دوای چوارهەمین کۆبوونەوەی باڵای میکانیزمی ئاسایشی تورکیا-عێراق، فیدان و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بینای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا و عێراق پێشوەچوونی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە بارەی ئەو ئیرادەیەی سەرکردەکانی هەردوو وڵات خستیانەڕوو، ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەبینرێت لە عێراق هۆشیاریی سەبارەت بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە زیادیکردووە.
فیدان باسی لەوە کرد کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری هاریکاریی سەربازیی و ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کە ماوەیەکی زۆرە تورکیا لەگەڵ عێراق دانوستانی لەسەر دەکات، لەلایەن وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵاتەوە واژووکراوە، و ئەوەیش گرنگی مێژوویی هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئەوەیشی خستەڕوو کە لەو باوەڕەدایە ئەو ناوەندانەی هەماهەنگیی و مەشق و ڕاهێنانە هاوبەشەی لە ڕێککەوتنەکەدا پێشبینیکراون، هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەننە ئاستێکی باڵاتر، هیواشی خواست ئەو یەکێتی لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ عێراق لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەرەیپێدراوە، بە هەنگاوی بەرجەستە لە گۆڕەپانەکەدا بەرەوپێش بچێت.