Mehmet Sıddık Kaya,Ömer Yasin Ergin
23 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2023
دیاربەکر - AA
لە دیاربەکر بەرزی پلەکانی گەرما کە لەسەرو پلەی گەرمای وەرزەوەیە، کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە بەشێکی زۆری تورکیای گرتووەتەوە، لە شارەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە و ٤٠ پلەی سەدی تێپەڕاندووە.
لە کاتێکدا هاووڵاتیان روو لە ناوچە فێنک و سێبەراوییەکان دەکەن، کاتەکانی نیوەڕۆ کە تیشکی خۆر بەتینە شەقام و کۆڵانەکان چۆڵن.
هەندێک لە هاووڵاتیانی شارەکە روو لە پارک و باخچەکان دەکەن و، لە ژێر سێبەر و سەوزاییەکاندا کات بەسەر دەبەن و، منداڵانیش هەوڵدەدەن لە حەوزە رازاوەی ئەنزیلدا خۆیان فێنک بکەنەوە.
لە کاتێکدا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان چەتر بەکار دەهێنن بۆ خۆپاراستن لە تیشکی بەتینی خۆر، هەندێکیشیان ئاو دەکەن بەسەریاندا و هەوڵی خۆ فێنککردنەوە دەدەن.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ناوچەکەوە وەرگیراوە، دوێنێ بەرزترین پلەی گەرما لە قەزای بیسمیل تۆمارکراوە کە ٤٤ پلەی سەدی بووە، ئەمە لە کاتێکدا لە ناوەندی شارەکە ٤٣ پلە بووە.
ئەمڕۆ پلەی گەرما لە بیسمیل ٤٤ پلە و لە ناوەندی شارەکە ٤٢ پلەی سەدیە و، پێشبینی دەکرێت هەفتەیەکی دیکەش پلەکانی گەرما لە شارەکە لە سەرو ٤٠ پلەی سەدییەوە بێت.
شەفیق باریچ کە هاووڵاتییەکی شارەکەیە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە شارەکە بۆ سەرو ٤٠ پلەی سەدی دووچاری سەختی دەبن لە چوونە دەرەوە.
باریچ باسی لەوە کرد کاتێکیش دەچنە دەرەوە لە سێبەری پارکی شورای دیاربەکر کاتەکانیان بەسەر دەبەن و، گوتی: ''گەرمایەکی پڕوکێنەر هەیە، بەرگەگرتنی سەختە. لە شوێنە سێبەراویەکاندا خۆمان فێنک دەکەینەوە. ئەم گەرمایە زۆر کاریگەری لەسەر نەخۆش و بەتەمەنەکان دروست دەکات. هاوسەرەکەم چارەسەری شێرپەنچە وەردەگرێت، بەهۆی گەماوە ناتوانم بیهێنمە دەرەوە. دایک و باوکیشم نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ئەوانیش ناتوانن بێنە دەرەوە''.