Mazın Asad
23 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2018
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا ئیدانەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ھۆڵەندای لەبارەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥دا، کرد.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ھۆڵەندا پەیوەست بە رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "بڕیارە ناڕەواکەی پەرلەمانی ھۆڵەندا لەبارەی دەنگۆی رووداوە بێ بنەماکانی ساڵی ١٩١٥ لە دەوڵەتی عوسمانیدا، وەک پەرلەمانی تورکیا قبووڵی ناکەین، بە توندی ئیدانەی دەکەین و بەلای ئێمەوە رەوایەتی نییە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە کە بڕیارەکە لە رووی مێژووی و یاساییەوە، ھیچ بنەمایەکی نییە و لە روانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی نێودەوڵەتیش وەک لەکەیەکی رەش دەمێنێتەوە.
راشگەیەنراوە کە پەرلەمانی ھۆڵەندا بەو بڕیارەوە خۆی لە شوێنی دادگاکانی نێودەوڵەتی داناوە و ھۆکارەکانی ئەو رووداوەی فەرامۆش کردووە و ھەوڵی نووسینی مێژووێکی بێ بنەمای داوە.
ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "ئەم وڵاتە(ھۆڵەندا) کە لەبەرچاو لە ناوەندی ئەورووپا چاوپۆشی لە کۆکوژی سربرێنیتسا کرد، بەم بڕیارە کە لەگەڵ پەیوەندی دۆستانە ناگونجێت و پێچەوانەوەی بەیاننامەی حکوومەتەکانی خۆیانە، ھیچ سوودێکی بۆ ئاشتی ناوچەکە و جیھان نابێت. باوباپیرانمان لە مێژوودا بۆ ھەر شوێنێک چووبن، شارستانی و بەزەییان گواستووەتەوە. بۆیە ھیچ کاتێک لایەنگری ستەمکاری نەبوونە".
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا ھەروەھا ھاتووە "تورکیا چەندین جار بۆ رای جیھان ئاشکرای کردووە کە با مێژووناسان و لێکۆلەرەکان لێکۆڵینەوە لە ئەرشیفەکان بکەن کە ھەزاران بەلگە و زانیاری ھەیە. تورکیا لەوبارەیەوە پشت بە راستییەکانی مێژوو و یاسا دەبەستێت. بڕیار، روونکردنەوە، یاساکان و ھاوشێوەکانی بۆ بە یاساییکردنی دەنگۆی بێ بنەماکانی کۆکوژی، پێشێلکارییەکی روونی یاساکانی نێودەوڵەتییە و لە لایەن ئێمەوە ھەرگیز مایەی قبووڵکردن نییە. ئەم ھەڵوێستەمان بە رای گشتی جیھان رادەگەیەنین".