ئەنقەرە
پەرلەمانی تورکیا دوای ھەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیران بەرنامەیەکی نوێ کاری بۆ خۆی ئامادە کرد.
ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەڵگەنامەی پەرلەمانتاربوونیان وەرگرتووە لەم هەفتەوە سەردانی پەرلەمان دەکەن و ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.
پەرلەمانی تورکیا دوای پێنج رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەوە رۆژی پێنجەم سەعات سێ دوای نیوەڕۆ کۆ دەبێتەوە لەو یەکەم کۆبوونەوەدا پەرلەمانتارەکان سوێندی یاسایی دەخۆن، دەگوترێت کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن رۆژانی ١٨ تا ١٩ی حوزەیران ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات و دواتر رۆژی ٢٣ یا ٢٤ی حوزەیرانیش پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.
پەرلەمان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتاری جەھەپە دەنیز بایکاڵ کە بە تەمەنترین پەرلەمانتارە کۆ دەبێتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا پەرلەمانتارەکان بە سێرە سوێند دەخۆن و ئەو پەرلەمانتارانەی لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە نابن دواتر لە یەکەمین کۆبوونەوەدا کە تێدا بەشدار دەبن سوێند دەخۆن و لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارە گەنجەکانیش وەکو نووسەر یا تۆمارکەر دەستنیشان دەکرن.
دوای کۆبوونەوەی سوێند خواردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان خشتەیەک ئامادە دەکرێت و لە یەکەم کۆبوونەوەدا ئەندام پەرلەمانەکان خۆیان بۆ دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید دەکەن و دوای پێنج رۆژ لە سوێند خواردنی پەرلەمانتارەکان، پڕۆسەی تۆمار کردنی ناوی کاندیدەکان بۆ سەرۆک و دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دەست پێ دەکات و لە ماوەی پێنج رۆژدا ئەو ھەڵبژاردنەش ئەنجام دەدرێت.
بەم جۆرە لە رۆژانی ٢٧ یا ٢٨ی حوزەیران تۆمار کردنی ناوەکان کۆتایی پێ دێت و دواتر لە ماوەی پێنج رۆژدا ھەڵبژاردنی سەرۆک و دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ئەنجام دەدرێن و دەگوترێت کە لە نێوان ٢٩ ی حوزەیران تا سێیتەمووز سەرۆکی پەرلەمانیش ھەڵدەبژێردرێت. ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی شاراوە دەبێت، لە دووەم خۆلی ھەڵبژاردنەکاندا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێ ئەندام پەرلەمانەکان ھەیە بەڵام لە ھەڵبژاردنی سێیەمدا پێویستی بە دەنگی زۆرینە ھەیە کە دەکاتە ٢٧٦ دەنگ لە کۆی گشتی ٥٥٠ دەنگ. بەڵام ئەگەر لە دەنگدانی سێیەمدا زۆرینە بەدەستەوە نەھێنرێت ئەوا لە نێو ئەو دوو کەسەیدا کە دەنگی زۆریان ھێناوە بۆ جاری چوارەم ھەڵبژاردن دەکرێت و ئەوەی دەنگی زۆری ھێناوە دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان. بەڵام بە ھۆی ئەوەیەوە کە ھیچ یەک لەو چوار پارتەی نێو پەرلەمان رێژەی دەنگەکانیان ناگاتە ٢٧٦، دەگوترێت کە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە رێککەوتن و سازان دەستنیشان دەکرێت.