Mehmet Şah Yılmaz
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان، گوتی: "لە سەرەتاوە تەواوی رێکاری پێویستمان سەبارەت بە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیمان و سەرجەم کارمەندەکانمان گرتووەتەبەر. کارەکانی باڵیۆزخانەمان لە کابوڵ بەردەوامدەبێت".
چاوشئۆغڵو، لە دوای گەشتەکەی بۆ جەزائیر و پێش گەڕانەوەی بۆ تورکیا، ھەڵسەنگاندنی دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستانی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
مەولود چاوشئۆغڵو، ئاماژەی ئەوە کرد کە بەھۆی دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان، زانیارییان بە ھاووڵاتیانیان لە وڵاتەکە داوە و گوتی: "پەیوەندی تەلەفۆنیمان لەگەڵ نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کەس ئەنجامداوە. جگە لەوە، قسەمان لەگەڵ یەک یەک لە خاوەن و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایانەمان کە لەوێ کاردەکەن کردووە و رێنمایی پێویستمان سەبارەت بە کارەکانمان پێڕاگەیاندوون".
چاوشئۆغڵو، ئەوەشی راگەیاند کە ئەمڕۆ ئاگادارییەکیان بۆ ئەو کەسانە ناردوو کە دەیانەوێت ئەفغانستان جێبھێڵن و گوتی: "لە ئێستادا ئەو داواکارییانەی کە بۆ ناوەندەکانی پەیوەندیی باڵیۆزخانەکەمان و کۆنسوڵخانەکان دێت کۆدەکەینەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لە ھەماھەنگیداین بۆ ئەو ھاووڵاتییانەمان کە دەیانەوێت ئەفغانستان جێبھێڵن و ھەموو توانایەک دەخەینەبەر. ئامادەکارییە پێویستەکانیشمان تەواو بووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، ئەوەشی ئاشکراکرد کە "ئەو ھاووڵاتیانەی کە ویستوویانە بە فرۆکەکانی ھێڵەئاسمانییەکانی تورکیا بگەڕێنەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە و رایگەیاند کە بەشێک لە ھاووڵاتیانی تورك هەن کە دەیانەوێ لە وڵاتەکە بمێننەوە، وەکو ئەوانەى كە ھاوسەرگیریان لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەفغانی کردووە یان بەھۆی کارەکانیەنەوە دەیانەوێ لەوێ بمێننەوە".
چاوشئۆغڵو، جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیانیان، پەیوەندییەکانيان لەگەڵ کەسایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەفغانستان بەردەوامە.
مەولود چاوشئۆغڵو، جەختی لەوە کردەوە کە ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە پەیوەندیدابوون و ئەم پەیوەندییانە ئێستاش بەردەوامە و گوتی: "لە سەرەتاوە تەواوی رێکاری پێویستمان سەبارەت بە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیمان و سەرجەم کارمەندەکانمان گرتووەتەبەر. کارەکانی باڵیۆزخانەمان لە کابوڵ بەردەوام دەبێت. واتا ئەگەر کاری ھاووڵاتییانمان بێت، ھەر کارێکی کۆنسوڵخانە بێت ئەوە کارەکان بەردەوامە".
چاوشئۆغڵو، گوتیشی:"لێرەدا جارێکی دیکە بانگەواز دەکەم، ئەو ھاووڵاتیانەمان کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە یان بمێننەوە، چونکە وەکو باسمکرد ھەندێکیان دەیانەوێت بمێننەوە، سەرجەم ھاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات دەتوانن بە درێژایی ھەفتە و ٢٤ کاتژمێر پەیوەندی بە ناوەندەکانی پەیوەندیکردن لە باڵیۆزخانەکەمان و کۆنسوڵخانەکان بکەن. جگە لەوە با ئاگاداری ئەو راگەیەندراوانەبن کە بڵاویان دەکەینەوە. لێرەوە دەمەوێت جارێکی دیکە بیڵێمەوە کە تەواوی ئامادەکارییەکانمان بۆ ھەر ئەگەرێک ئامادەیە".