Yıldız Nevin Gündoğmuş,Rewa Mahmood Hasan
26 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2019
مووش - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و بەرژەوەندییەکی ئابووری لە گوتنی حەق و پشتگیریکردنی ستەملێکراوان، پاشگەزیان ناکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مەراسیمی ٩٤٨هەمین ساڵیادی سەرکەوتنی مالازگرت کە لە مەیدانی پارکی میللی مێژوویی شارۆچکەی مالازگرت سەربە پارێزگای مووش بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەسپێکی گوتارەکەیدا گوتی:
''هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و بەرژەوەندییەکی ئابووری، ئێمە لە گوتنی حەق و پشتگیریکردنی ستەملێکراوان، پاشگەزناکاتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو رووداوەی بیر هەموو لایەک هێنایەوە، کاتێک دایکێک بەناوی هاجیرە ئاکا لەبەردەم بارەگای لقی هەدەپە لە دیاربەکر دوای دەربڕینی ناڕەزاییەتی بە منداڵەکەی دەگاتەوە کە پێشتر بەرەو شاخ رفێنرابوو و گوتی: ''کەواتە ئێمە رێک دەوەستین خۆمان ناچەمێنین رێگە نادەین بەم کەسانە کە رۆڵەکانمان بەخراپ بەکاربهێنن''.
- ''کەسانی دڵ رەش و نیازخراپمان بیرنەچووە''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە لە قودس و فەڵەستین ستەم لە خەڵک دەکرێت و گوتی: ''دەوڵەتی رێگر و چەتە کە خاوەن سێ ئایینی پیرۆزە، بەناشایستەیی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی قودس دەدات و فەڵەستین هەنگاو بەهەنگاو داگیر دەکات. ئەمڕۆ لە زۆر شوێن موسڵمانان لەژێر ستەمدان لە ئاراکانەوە بیگرە تا دەگاتە کشمیر لە تورکستانەوە بۆ ئەورووپا لە هەموو شوێنێک موسڵمانان لەژێر هەڕەشەدان، هێرشیان دەکرێتە سەر. دوێنی لە مێژوویەکی نزیکدا لەو ناوچەیەی لە بەلقانەوە بۆ قەرەباغ درێژدەبێتەوە رەشەکوژی ئەنجامدرا و ئەمەمان بیرنەچۆتەوە. هەرگیز بیرمان نەچۆتەوە کە بەملیۆنەها خەڵک هەوڵ دەدرێت لە رێگەی هاندانی ئەتنیکی و مەزهەبییەوە بەیەکدا بدرێن. لە عێراق دوو ملیۆن و لە سووریا یەک ملیۆن و لە ئەفریقا و لە ئەمریکای باشوور لە چەند شوێنێکی جیاواز بەملیۆنەها خەڵک، بوونەتە قوربانی بەرژەوەندییەکان و دەکوژرێن، ئەمەمان بیرنەچووە. ئەگەر لەدەستیان بێت هەمان شت بەرامبەر وڵاتەکەمان دەکەن، بۆیە ئەو دڵ رەشە، نیازخراپانەمان بیرنەچووە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو خەباتەیان بردووەتە دەرەوەی سنوورەکان و گوتی: ''ئینشائەڵڵا لەو خەباتەی لەو ناوچانەی لە عێراقەوە بۆ سووریا لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ناوچەکانی تر درێژ دەبێتەوە بەردەوامی هەیە، بە سەرکەوتن کۆتایی پێ دەهێنین''.
(بەشی دیکەی دەبێت) ...