Hemın Othman Mohammed
17 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوە کرد کە پێویست ناکات لە رێگەی ھێنانە بەرباسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دوودڵی سەبارەت بەسەقامگیریی لە وڵاتدا دروست بکرێت و، گوتی: "ھەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی ھەیە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێوەدەچێت".
پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی راپەڕاندنی پارتەکەی، یڵدرم بۆ رۆژنامەنووسان دوا و، سەبارەت بەدەستگیرکردنی ئەنجامدەری ھێرشەکەی رەینا گوتی: ''لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. زانیاریی ورد و زۆر لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەستکەوتوون بەڵام لەبەر ئەوەی لەقۆناغی لێپێچینەوەدایە، با لە ئێستادا ئەوەندە بەس بێت. لەکاتی خۆیدا ھاوڕێیانی پەیوەندیدار زانیاریی و پێشھاتەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکەن. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە ئەنجامدەری ئەو ھێرشە رەوشت نزمانەیە دەستگیرکراوە و ئەو ئیرادە و ھێزانەی کە لەپشتییەوەیەتی ھەرکەسێک بن ئاشکرادەبن. ئەمە بۆ ئێمە گرنگترین پێشھاتە''.
ھاوکات سەبارەت بەکۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی گشتیی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سەرۆکی گشتیی مەھەپە، دەولەت باخچەلی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند "نازانم باسی چی دەکەن. خولی یەکەمی دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییەکانی دەستوور تەواو بوو. بەڵام لە روونکردنەوەکانی بەڕێز باخچەلیەوە دیارە کە باسی چی دەکەن".
سەبارەت بەبانگەشەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بیناڵی یڵدرم گوتی: ''پشتیوان بەخوا ھەموارکردنەوەکە لە پەرلەمان تێپەڕدەبێت، خولی دووەمیش ھاوشێوەی خولی یەکەم تەواو دەبێت و بەرەو ریفراندۆم دەچین. ئەم ھەموارکردنەوەیە بەباشترین شێوە بۆ گەلەکەمان روون دەکەینەوە و دوای ئەوەش بەردەوام دەبین لەسەر ئەو رێگەیەی گرتوومانەتە بەر. ھەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی ھەیە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێوەدەچێت. پێویست ناکات لە رێگەی ھێنانە بەرباسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دوودڵی سەبارەت بەسەقامگیریی لە وڵاتدا دروست بکرێت. ھاووڵاتییانمان و جیھانی کار، با بەردەوام بن لە پلانەکانیان، پلانەکانی وەبەرھێنان دوانەخەن، سەقامگیریی بەردەوامە. تورکیا بە مکووڕییەوە بەردەوامە لە ھەنگاونانی پێویست لە بوارەکانی ئابووریی، ھەلی کار، گەشەسەندن و گەشەپێدان''.