پەرلەمانی تورکیا – AA
وەزیری گومرک و بازرگانی تورکیا، بولەنت توفەنکجی رایگەیاند "بە مەبەستی رێگەگرتن لە تێپەڕینی تیرۆریستان و پێشگرتن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ دیوار دادەندرێت. با چوون و هاتنەکان بە دەروازەکاندا بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو ئەنجام بدرێت، با بزانین کێ دێتە وڵاتەکەمان و کێ دەڕوات. ئەگینا بە راستی کێشەمان کورد نییە".
بولەنت توفەنکجی وەڵامی پرسیار و رەخنەکانی ئەندامانی لیژنەی پلان و بوودجە لە پەرلەمانی تورکیا دایەوە.
وەزیری گومرک و بازرگانی تورکیا، بولەنت توفەنکجی جەختی لەوە کردەوە کە راست نییە بە تێگەیشتنێکی ئەمنیی لە بازرگانی بڕواندرێت و گوتی: "ئەو کارمەندانەی ئاسایش دابین دەکەن، هەموو جۆرە رێوشوێنێکی ئەمنی دەگرنە بەر، بەڵام دەمانەوێت کەرتی بازرگانی پێشبکەوێت. دەشزانین ئەو دیوارەی لە سنوورەکان دادەندرێت پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ بازرگانی نییە".
وەزیری گومرک و بازرگانی تورکیا، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەیانەوێت تورکیا لە هێرشە تیرۆریستییەکان بپارێزن وگوتی: "بە مەبەستی رێگەگرتن لە تێپەڕینی تیرۆریستان و پێشگرتن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ دیوار دادەندرێت. با چوون و هاتنەکان بە دەروازەکاندا بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو ئەنجام بدرێت، با بزانین کێ دێتە وڵاتەکەمان و کێ دەڕوات. ئەگینا بە راستی کێشەمان کورد نییە. ئێمە لە سنوورەکانمان کێشەمان لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە و هەموو رێکخراوێکی تیرۆریستی هەیە. حکوومەتی ئێمە هیچ کاتێک بازرگانی لەگەڵ داعش نەکردووە. نە بازرگانی نەوتی (لەگەڵ داعش کردووە)، نە پاڵاوگەمان دامەزراندووە. ئێوە لەوە بکۆڵنەوە کە کێ نەوتی سووریا بەکار دەهێنێت. ئەوکاتە دەردەکەوێت ئەوانەی ئەو تۆمەتانە دەبەخشنەوە ئەمڕۆ بازرگانیکردنەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا دەکرێت و ئەوان دەیکڕن و دەیفرۆشن. هەناردەکردن و هاوردەکردنی نەوت لە نێوان تورکیا و سووریا قەدەغەیە. لەبەرئەمە بازرگانی نەوتمان لەگەڵ داعش و هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە نەکردووە و نایکەین، وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت. هەموو تۆمار و بەڵگەکانیش هەن. ئێستا جیهان باش دەزانێت کێ بازرگانیکردن بە نەوتی، کۆنتڕۆڵ کردووە".