هەولێر - AA
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە جامی "کۆنیفا ٢٠٢٤"ی ھەرێمەکان لە یاریگاکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتی جامی "کۆنیفا ٢٠٢٤"ی ھەرێمەکان، بە کوردستان بەخشرا و یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیش دەڵێت، یارییەکان لە یاریگاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن.
بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، شوان عەزیز بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگاکانی سلێمانی، ھەولێر، دھۆک و زاخۆ بەڕێوەدەچن.
شوان عەزیز لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە ھەڵبژاردەی ھەرێمەکان و ئامادەیی یاریگاکانی کوردستان راشیگەیاندووە کە ئامادەکاریی تەواو دەکرێت و لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ ھەر ئەگەرێک.
مانگی ئاداری ئەمساڵ شاندی "کۆنیفا" سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی و یاریگاکانی کوردستان، دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاردرا مافی میوانداریکردنی جامەکە بە کوردستان ببەخشرێت.
ھاوکات گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، جەلال سەعید بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوودا یارییەکان دەست پێ دەکەن و ١٦ ھەرێم بەشداری تیادا دەکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری پێشتر زانیوویەتی، ھەشت ھەرێم داوای میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکەیان کردبوو، بەڵام دواجار مافی میوانداریکردنی چوارەمین وەشانی جامەکە بە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.
یەکێتیی کۆمەڵە سەربەخۆکان بۆ تۆپی پێ "CONIFA" رێکخراوێکی جیھانیی قازانج نەویستە و پشتگیری لە ھەڵبژاردەکانی تۆپی پێی ھەرێمەکان دەکات کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و یەکەم پاڵەوانێتیش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بە بەشداریی ١٢ ھەڵبژاردە لە سوید بەڕێوەچوو.