Doğa Kırmızıoğlu
29 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لیۆنێل مێسی توانی بە سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوراساوۆ، بەربەستی ١٠٠ گۆڵی تێبپەڕێنێت.
لە یارییەکەدا ئەرجەنتین بە ئەنجامی ٧-٠ لە کوراساوۆی بردەوە و سێ لەو گۆڵانەش لە خولەکەکانی ٢٠، ٣٣ و ٣٧دا لەلایەن لیۆنێل مێسی-یەوە تۆمار کران.
چوار گۆڵەکەی دیکەش لەلایەن نیکۆلاس گۆنزالێز لە خولەکی ٢٣، ئێنزۆ فێرناندێز لە خولەکی ٣٥، ئانخیل دی ماریا لە خولەکی ٧٨ و گۆنزالۆ مۆنتیێل لە خولەکی ٨٧دا تۆمار کران.
دوای ئەم یارییەش ژمارەی ئەو گۆڵانەی مێسی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە تۆماری کردوون گەیشتە ١٠٢ گۆڵ و لە دوای هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی خاوەنی ١٢٢ گۆڵ و عەلی دایی ئێرانی خاوەنی ١٠٩ گۆڵ، بووە سێیەم یاریزانی جیهان کە بەربەستی ١٠٠ گۆڵی بە درێسی هەڵبژاردەکەیەوە تێپەڕاندبێت.
هەروەها یەکەم یاریزانە کە لە پاڵ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستەدا، توانیبێتی جامی جیهانیش بۆ هەڵبژاردەکەی بباتەوە.
هەفتەی رابردوو لە میانی یارییەکی نێوان هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و پاناما کە بە ئەنجامی ٢-٠ کۆتایی هات مێسی توانی گۆڵێک بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار بکات و بەمەش ژمارەی ئەو گۆڵانەی لە مێژووی وەرزشی خۆیدا تۆماری کردوون گەیشتە ٨٠٠ گۆڵ.