کەرکووک - AA
یار سەعید ناسراو بەمێسی-یەکەی کەرکووک، دوای چوارساڵ مانەوە لە ئیتاڵیا و یاریکردنی لە ئەکادیمیای مۆلۆسانە لەئێستادا، مێسی-یەکەی کەرکووک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کاف سپۆرت کۆنسۆڵ کە گەورەترین کۆمپانیای وەرزش لە ئیسپانیا واژوو کردووە.

سەعید کاکەیی باوکی یار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "یاری کوڕم بەرلە هاتنمان بۆ ئیتاڵیا گرێبەستی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی پێ گەیشت، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی ڤیزاوە نەمانتوانی گرێبەستەکە واژوو بکەین".
یار سەعید-ی ١٧ساڵان گەنجێکی کەرکووکی-یە و دوای بڵاوبوونەوەی گرتەکانی نیو یاریگا و شێوازی یاریکردنی و جوانی جۆڵە و گۆڵەکانی هەمووانی تووشی شۆک کرد هەر بۆیه نازناوی مێسی-یەکەی کەرکووک-یان پێ بەخشی.

هەرچەندە یار سەعید بەپێی چەپ شووت دەکات، بەڵام لە باڵی راست و چەپی یاریگادا یاری دەکات، هەروەها لەتوانایدا هەیە بەهەردوو قاچی یاری بکات.
یار سەعید باڵای ١٧٤سانتیمەترە و کێشیشی ٦١ کیلۆگرامه.
- فیلمی خەونی یار
ساڵی ٢٠١٤ لیژنەیەکی وەرزشی ئیتاڵیا هات بۆ تاقیکردنەوەی یار و لەو کاتەدا بڕیاریان دا فیلمێک لەسەر ژیانی مێسی-یەکەی کەرکووک دروست بکەن کە وێنەگرتنی فیلمەکە بەشێکی لە کەرکووک و بەشەکەی تریشی لە ئیتاڵیا وێنەگیرا و فیلمی خەونی یار لە کەرکووک و ئیتاڵیا نمایش کرا کە باس لە ژیان و بەهرەکانی یار سەعید دەکات.