ئەنقەرە - AA
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (UEFA) رایگەیاند، پاڵەوانێتی یورۆ ٢٠٢٠، زۆرترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەورووپایە کە لە رێگەی کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە تەماشاکرابێت.
یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە سەرەڕای ئەوەی یورۆ ٢٠٢٠ لەژێر سێبەری پاندەمی و پەتاى کۆرۆنا کە ھەموو جیھانی گرتبوویەوە ئەنجامدرا، بەڵام ئاستی تەماشاکاردنی لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.
راشیگەیاندووە کە پاڵەوانێتیەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن ١٣٧ کەناڵەوە بۆ ٢٢٩ ناوچە پەخشکراوە و بە تۆمارکردنی پێنج ملیار و ٢٣٠ ملیۆن تەماشاکردن، ژمارەی پێوانەیی زۆرترین تەماشاکردنى پاڵەوانێتی ئەورووپای شکاندووە.
لە راگەیەنراوەکەی یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپا هاتووە "یورۆ ٢٠٢٠، حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن جار لە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تەماشاکراوە و بەم ژمارەیەش پاڵەوانێتییەکەی پێشووی تێپەڕاند".
یاریی کۆتایی یورۆ ٢٠٢ کە لەنێوان ئیتاڵیا و ئینگلتەرا ئەنجامدرا، بە تۆمارکردنی ٣٢٨ ملیۆن تەماشاکردن یەکسان بوو لەگەڵ ژمارەی پێوانەیی پاڵەوانێتی یورۆ ٢٠١٦.
بەرپرسی بەبازاڕکردنی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (UEFA)، لۆران ئەپستياین لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بابەتەکە، گوتی: "ئەمە ژمارەیەکی بێ وێنەی تەماشاکردنى تەلەڤیزیۆنە، پاڵەوانێتییەکە ئەوەی نیشان دا کە نەک تەنھا لە ئەورووپا، بەڵکو لە ھەموو جیھاندا جێگەی بایەخە. بەتایبەتی تەماشاکەرانى وڵاتانی باکووری ئەمریکا و ئاسیا كە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی تەماشاکەران تۆمارکراوە. رێژەی تەماشاکردنى ھەر یارییەکی پاڵەوانێتییەکە ١٠٠ ملیۆنی تێپەڕاندووە".