Azat Muhammet
19 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2017
دهۆک
بەشێکى زۆر لە دەرچووانى کۆلێژى پزیشکى ددان، کۆلێژى دەرمانسازی و کۆلێژى پەرستارى زانکۆى دهۆک لە گردبوونەوەیەکدا داوایان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى تەندروستى هەرێم کرد بەزووترین کات دابمەزرێنرێن و وەک خۆیان ئاماژەى پێدەدەن ماوەى دووساڵە خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەکان کار دەکەن، هەڕەشەى بایکۆتکردن دەکەن و دەڵێن "ئەگەر وەزارەتى تەندروستى ئەوەندە بێ باکە بەرامبەر ماندوو بوونمان، چیدیکە ئامادە نین خۆبەخشانە خزمەت بکەین. لە برى دەوامى رۆژانەمان خۆپێشاندان هەڵدەبژێرین".
دەرچووانى ئەم سێ کۆلێژە پزیشکییەى زانکۆى دهۆک، وەزارەتى تەندروستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان رەخنەدەکەن و بڕیارەکانى وەزیرى تەندروستى لە بارەى دانەمەزراندنى زۆرینەى بەشە پزیشکییەکان بەپێچەوانەى بنەما تەندروستییەکان لە قەڵەم دەدەن و بە نادادپەروەر وەسفى دەکەن و بەپێویستى دەزانن پێداچوونەوە بەو بڕیارانە بکرێت کە لە دژى بەرژەوەندى دەرچووانى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان، و دەرمانسازی و پەرستاری دراوە.
دەرچوویەکى کۆلێژى پزیشکى ددان، بەناوى رێباز جەعفەر گوتى: "مافى رەواى خۆمانە داواى دامەزراندن لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى تەندروستى بکەین، چونکە بەماندووبوونى چەندین ساڵەمان زانکۆمان تەواو کردووە، هەرچەند بڕیار وابوو دەرچووانى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان، دەرمانسازی و پەرستاری لە ساڵى ٢٠١٥ - ٢٠١٦ دابمەزرێنرێن، کەچى تەنها دەرچووانى کۆلێژى پزیشکى گشتى دامەزرێنران. ئەگەر ئەو بڕیارەى وەزارەتى تەندروستى حکوومەتى هەرێم بەو مانایە بێت کە پێویستییان بەدەرچووانى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان، دەرمانسازی و پەرستاری نییە، ئەوا بۆچوونێکى تەواو پێچەوانەى بنەما تەندروستییەکانە، بۆیە داواکارین لە ئەنجوومەنى وەزیران کە دووبارە و سێبارە پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێت و بڕیارێکى نوێ لە بەرژەوەندى هەموو لایەک دەربکەن".
گوتیشى: "ئێمە ئاگادارین کە زۆرینەى نەخۆشخانەکان پێویستییان بەپزیشکى ددان و دەرمانساز و پەرستار هەیە، بۆیە پرسیار و رەخنەکانمان بۆ وەزیرى تەندروستی حکوومەتى هەرێمە، ئەگەر پزیشکانى ددان و دەرمانساز و پەرستار بەپێویست نازانێت، با هەڵستن بەداخستنى بەم سێ بەشە پزیشکیە لە زانکۆی دهۆک و تاوەکو قوتابیان خوێندنى چەند ساڵەیان نەبێتە قوربانى بڕیارێکى لەو چەشنە، ئەگەر بەپێچەوانە بیر دەکەنەوە و بەپێویستى دەزانن، با بڕیارى دامەزراندن بۆ دەرچووانى ئەم سێ کۆلێژە پزیشکییەى زانکۆى دهۆک بدەن".
ئاشکراى دەکات کە دەرچووانى کۆلێژەکانى ددان، دەرمانسازى و پەرستاری زیاتر لە ٢٦٠ کەس دەبن و زۆرینەیان خۆبەخشانە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان خزمەتى تەندروستى پێشکەشى هاووڵاتییان دەکەن. لە خزمەتکردنمان بەردەوام دەبین، بەڵام بەمەرجێک دابمەزرێین و مووچەى مانگانەمان بۆ دابین بکرێت. بەپێچەوانە ئەگەر بزانین رەنج و ماندووبوونى چەند ساڵەمان بەفیڕۆ دەچێت، ئێمەیش دەست لە کارى خۆبەخشانەمان بەر دەدەین و لەبرى دەوام و خزمەت گەیاندن بەهاووڵاتییانمان خۆپێشاندان دەکەینە پیشەى رۆژانەمان".
شایەنى باسە لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەرچووانى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى و پەرستاری ماوەى زیاتر لە دووساڵە لە چاوەڕوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانن بۆ ئەوەى دابمەزرێنرێن، کەچى تا ئێستا هیچ وەڵامێکى دڵخۆشکەریان بەدەست نەگەیشتووە.