Hawkar Yaseen
24 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)یان تێپەڕاندووە و پلازمای خوێنیان بەخشیوە بۆئەوەی بۆ تووشبووانی نوێ بەکاربهێندرێت کەمترە لەڕێژەی لەسەدا ١٠ی چاکبووەکان.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە "دوای دووجار بانگەوازی فەرمی وەزارەت بۆ ئەو نەخۆشانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە بۆ بەخشینی پلازمای خوێن، تا ئێستا هەزار و 483 کەس بەدەم بانگەوزازەکەوە چوون و پلازمایان بەخشیوە، پلازما وەرگیراوەکانیش بۆ دوو هەزار و 67 نەخۆشی کۆرۆنا بەکارهاتوون و پلازماکەیان وەرگرتووە".
بەپێی دواهەمین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 25 هەزار و 252 تووشبووی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش 15 هەزار و 182 کەسیان چاکبوونەتەوە، بەڵام تەنها هەزار و 483 کەسیان پلازمایان بەخشیووە".