ھەولێر
بە بۆنەی رۆژی جیھانی بەرەنگار بوونەوەی نەخۆشی ئایدز بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی لە پێناو پاراستنی كۆمەڵگە دەستی بە ئەنجامدانی پشكنینی خۆبەخشانە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان كرد.
رێكخراوی تەندروستیی جیھانی لە ساڵی ١٩٨٨ ەوە، رۆژی ١ی دیسەمبەری وەك رۆژی جیھانیی ئایدز دیاری كردووە كە تێیدا ھەڵمەتی بەرفراوان بۆ ھۆشیاركردنەوەی خەڵك دەكرێ.وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید لەو بارەوە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی "كوردستان وڵاتێكی پاكە لە نەخۆشی ئایدز و لە ھەرێمی كوردستان تەنیا ١٧ حاڵەتی ئەو نەخۆشییە ھەیە و چەند حاڵەتێكی بیانیش ھەبوون كە ئەوانە رەوانە وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە".
وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "یەكەم ھەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە ھۆشیاری خەڵكی ئێمەیە و ھەمیشە دروشمان ئەوە بووە كە كوردستانێكی دوور لە ئایدز ھەبێ".
ھەروەھا وەزیری تەندروستی داوای لە ھاووڵاتییان كرد كە ھۆشیارانە خۆپارێزی بكەن لە نەخۆشی ئایدز، ئەو نەخۆشییەی بە ھۆی خوێن و شلەی لەش دەگوازرێتەوە و بۆیە دەبێ پابەندبن بە رێنماییەكانی تەندروستی".
لە بارەی خوێن بەخشین بە نەخۆشەكان رێكەوت حەمە رەشید رایگەیاند "لە كوردستان لە ھەموو شوێنێك خۆێنی پاك دەدرێ بە نەخۆش و ئێستا پشكنینی HIV , HBS ,HCV و VDR بۆیان دەكرێ. ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دێنەوە و ھەروەھا ئەوانەی نەشتەرگەری سارد و ئەو كەسانەی لە چێشتخانەكان كار دەكەن ھەموو پشكنینیان بۆ دەكرێ".
لە ساڵی ٢٠١٢نزیكەی ١٠٠ ھەزار پشكنین كراوە و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٤ كە زیادی كردووە و بووەتە ٣٦١ ھەزار پشكنین."
لە ھەرێمی كوردستان ١٧ حاڵەتی نەخۆشی ئایدز ھەیە بە جۆری سێ حاڵەت لە دھۆك و حەوت لە ھەولێر و حەوتیش لە سلێمانی تۆمار كراون.
بەڕێوەبەری تاقیگەی پشكنینی خوێنی ھەولێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "رۆژانە ٤٠٠ تا ٥٠٠ كەسی بیانی سەردانی ئەو تاقیگەیە دەكەن كە زیاترینیان خەڵكی توركیان و پشكنینی HIV و بالاریز و مالاریا یان بوو دەكرێ و تا ئێستا ١٥ حاڵەتی نەخۆشی ئایدز لەو تاقیگەیە تۆماركراوە و تەنیا یەكێكیان خەڵكی ھەولێر بووە و ئەوانەی دیكە بیانی بوون".
نەخۆشی ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی HIV بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگریی جەستە. بەپێچەوانەی ڤایرۆسەكانی دیكەوە، جەستە توانای كردنە دەرەوەی ئەم ڤایرۆسەی نییە، بۆیە كەسەكە تا گیان لەدەستدانی بە تووشبوویی دەمێنێتەوە.