هەولێر
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشـمەرگەی هەرێمی كوردستان جەبار یاوەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بە مەبەستی پێدانی پشوو بەو هێزەی كە ئێستا لە كۆبانێیە، هێزی دیكەی پێشمەرگە رەوانەی كۆبانێ دەكەین".
سەبارەت بە كات و رێگای چوونی پێشمەرگەكان جەبار یاوەر گوتی: "دیاریكردنی كاتەكە پەیوەندیدارە بە نهێنی سەربازی و بۆیە ناكرێ كاتەكەی ئاشكرا بكەین، بەڵام ئەوەندە دەڵێن هەر كاتێك بۆ چوونی پێشمەرگە گونجاو بێ، ئەو دەم جولە بەو هێزە دەكەین و رەوانەی كۆبانێ دەكەین".
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان كە پێی باش نەبوو ناوی ئاشكرا بكرێ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بڕیار وا بوو دوێنێ یەكشەممە هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان كە ژمارەیان لە 150 كەس پێكهاتووە، رەوانەی كۆبانێ بكرێن، بەڵام بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لە ئامادەكاریی بۆ رۆیشتنیان، ناردنی ئەو هێزە بۆ ئەمڕۆ (دوشەممە) دوخرا."
ئەو هێزەی كە دەچێتە كۆبانێ چەك و تەقەمەنی تازە لەگەڵ خۆیان دەبەن و لەو بارەوە ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هێزەكە بە چەك و تەقەمەنی تازە دەچنە كۆبانێ و پێداویستیی تەقەمەنییە قورسەكانیش لەگەڵ خۆیان دەبەن. ئەو هێزەشی كە دەگەڕێتەوە زۆربەی چەكەكانیان بۆ هێزی تازە لە كۆبانێ بەجێ دەهێڵن".
هاوكات فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانێ عەبدولقەهار مەجید بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "دوای چەندین شەڕی توند لە دژی داعش كە زیاتر لە مانگێكە شانبەشانی هێزەكانی دیكەی كوردی ئەنجاممان دا، توانیمان بەشێكی زۆری كۆبانێ رزگار بكەین و ئارامی بۆ بەشێكی ئەو شارە بگەرێنینەوە".
عەبدولقەهار زیاتر گوتی: "ئێستا چاوەڕوانی هاتنی ئەو هێزەی پێشمەرگە دەكەین كەئەوانیش لە هەمان هێزی پشتیوانی پێكهاتوون و هەموو پێشمەرگەكانی نێو كۆبانێ ورەیان بەرزە و توانای شەڕی زیاتریان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیری منداڵ و خێزانەكان دەكەن و جیگۆركێی هێزەكان بە كارێكی باش دەزانن و ئامادەین بۆ هەر بڕیارێكی سەرووی خۆمان".
لە بارەی ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی كە لە وەجبەی دووهەم رەوانەی كۆبانێ دەكرێن، ئەو فەرماندەیی پێشمەرگە گوتی: "ژمارەی هێزەكانی ئەوان 150 پێشمەرگە بووە و ئەو هێزەشی كە بڕیارە ئەمڕۆ بەرەو كۆبانێ جولە بكات ژمارەكەیان هەمان ژمارە دەبێ".
لە كۆتاییدا عەبدولقەهار مەجید گوتی: "تا ئێستا بەهۆی شەڕ پێكدادانەكانیان لە گەڵ چەكدارانی داعش خۆشبەختانەی هیچ شەهیدیكێان نەداوە بەڵام 14پێشمەرگەیان بریندار بووە، بەگشتی رەوشی تەندروستی هەموو پێشمەرگەكان باشە".
بە هۆی بەردەوامی هێرشەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر شاری كۆبانێ رۆژی 22ی تشرینی یەكەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا هێزێك بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزە كوردییەكان كە لەو شارە شەڕی داعش دەكەن، رەوانەی ئەو ناوچە بكات و ئەو بڕیارە لە رۆژی ٢٨ی تشرینی یەكەم جێبەجێ كرا و هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بەچەكی قورسەوە لە رێگای خاكی توركیاوە گەیشتنە كۆبانێ و لەگەڵ هێزە كوردییەكان دیكە لەو شارەدا توانیان بەشێك لە شاری كۆبانێ كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.