Heman Hussein Yaseen
06 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
لە رۆژی جیهانی ئیفلیجی منداڵاندا، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی ئەنجامدا کە تیایدا زنجیرە نەخۆشخانەکانی ئاجی بادەم لە تورکیاوە بەشداربوون و تیایدا وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم نەخۆشییە ئەرکی قوڕس دەخاتە سەر خێزان و لە هەمانکاتدا ئەم منداڵانە پێویستیان بە گونجاندنە لەگەڵ ژیاندا.
لە کۆنفرانسەکەدا، سامان بەرزنجی گوتی: "ئەم نەخۆشییە فشارێکی زۆر لەسەر خێزان دروست دەکات و پێویستی بە چاودێرییەکی چڕ هەیە و خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ گرنگی بەم بابەتە دەدرێت و ئەمەش پاڵپشتییەک دەبێت بۆ بەشی چارەسەری سروشتیی لە هەرێمی کوردستان، نەخۆشەکانی ئیفلیجی منداڵان پێویستیان بە شیاندنەوە و گونجاندنە لەگەڵ ژیاندا بەتایبەت مانەوەیان لە سەنتەرەکان و مانەوەیان بارێکی قوڕس دەخاتە سەر منداڵەکە".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "پڕۆسەی شیاندن و چارەسەری سروشتی وێڕای ئەوەی لە رابردوودا لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو کە چەند شوێنێک دروست بکات، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکان راوەستان، لەئێستاشدا لە لایەن چەند سەنتەرێکی چارەسەرییەوە، راهێنان و چارەسەر بۆ ئیفلیجی منداڵان دەکرێت".
بەڕێوەبەری سەنتەری هێلینا، هەژێن تەڵعەت سامان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانج لەم کۆنفرانسە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە لەسەر ئەم نەخۆشییە و بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر ئاگاداربن، بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە نەزرەیەکی جیاوازی هەیە بۆ ئەم نەخۆشییە و ئێمەیش ئامانجمان زیادکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە و نەخۆشەکان پێویستیان بەوە هەیە مافەکانییان دەستەبەر بکرێت، چونکە ئەم نەخۆشانە تا رادەیەک فەرامۆشکراون و لە شوێنە گشتییەکان کەم دەردەکەون و ئەمەش مانای وایە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پەراوێزخراون".
هەژێن تەڵعەت سامان گوتیشی: "نەخۆشەکان رێژەییە و بەشێکیان دەتوانن کار بکەن، تا ئیستا ئەم نەخۆشییە باوترین نەخۆشییە لە هەموو جیهان و لە سەنتەری هێلینا زیاتر لە هەزار کەس تۆمارکراون و ئەمانە نەخۆشی درێژخایەنن و پێویستیان بە بەرەدوامی چارەسەر هەیە و زیاتر کێشەی جووڵەیان هەیە و ئەمەش بە وەرزش بارودۆخیان باشتر دەبێت، کەسوکاری نەخۆشەکان دەتوانن لە ماڵەوەش ئەو کارە بکەن و راهێنانیان پێ بکرێت".