Zana Natık Kerem
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداری دا لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا (19 - COVID) و داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی.
بەڕێوەبەری بەشی خۆپارێزیی لە وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق، ھەیسەم عوبێدی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ئەم دوو رۆژەی دواییدا، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و تەندروستییان خراپە و ئەمەیش ئاماژەیەکی مەترسیدارە و گوتی:
"ئەگەری ھەیە لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا، بەرەوڕووی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ببینەوە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان پەلە بکەن لە وەگرتنی ڤاکسین و زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بە تایبەتیش لە بەستنی ماسک".
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا دوو ملیۆن ٦٩ ھەزار و ٢٧٤ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ٢٣ ھەزار و ٥٠٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٢٥ ھەزار و ٧٦ کەسیش چاکبوونەتەوە.
تا ئێستا، شەش ملیۆن و ٥٨٩ ھەزار و ٣٩٧ کەس لە عێراق دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.