Heman Hussein Yaseen
12 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٥٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی چوار ھەزار و ٤٠٨ پشکنین، دەرەنجام ١٥٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەمشێوەیە:
٧٥ حاڵەت لە هەولێر، ٥١ حاڵەت لە سلێمانی، ٢٢ حاڵەت لە دهۆک، هەشت حاڵەت لە گەرمیان و لە ھەڵەبجەیش یەک حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کردووە کە ھەر لەو ماوەیەدا، نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەھۆی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە بەجۆرێک پێنج حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، دوو حاڵەت لە پارێزگای دهۆک، یەک حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی و لە گەرمیانیش یەک حاڵەت.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٧٠ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە تێکڕای حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٣٧٨ ھەزار و ٣٧٦ حاڵەت، لەو ژمارەیەش شەش ھەزار و ٩٩٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.