Abdullah Abdulmanaf Shukur
15 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو ھەزار ٢٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و ١٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی ١١ ھەزار و ٥١٦ پشکنین، دوو ھەزار و ٢٠ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەمشێوەیە: لە سلێمانی ٩٥١ حاڵەت، ھەولێر ٥٥١ حاڵەت و لە دھۆک ٣٢٨، گەرمیان ٧٧، ھەڵەبجە ٦٨ و راپەڕین ٤٥ حاڵەت تۆمار کراون.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشی کردووە، کە ھەر لەو ماوەیەدا ١٩ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە شەش حاڵەت لە پارێزگای دھۆک ، پێنج حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر، چوار حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی، سێ حاڵەت لە ھەڵەبجە و و یەک حاڵەت لە گەرمیان بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٢٦٦ ھەزار و ٨٢٢ حاڵەت، لەو ژمارەیەش پێنج ھەزار و ٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.