Heman Hussein Yaseen
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٧٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون و ٢٢ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ٣٢٧ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ٥٧٦ پشکنین پۆزەتیڤ بوون.
راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان هەروەها هاتووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە پارێزگای ھەولێر، ١٩٣ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و پێنج کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و پارێزگای سلێمانی، ١٢٧ تووشبوو و ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان و پارێزگای دھۆک، ٢٠٠ تووشبوو، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان و پارێزگای ھەڵەبجە، ١١ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و ئیدارەی گەرمیان، ٣٧ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان و ئیدارەی راپەڕین ھەشت حاڵەتی تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٣٠ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٧٥٦ ھەزار و ١٤٥ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتووەتە ٩١ ھەزار و ٤٨٠ تووشبوو بەجۆرێک ٣٣ ھەزار و ٣٣١ لە ھەولێر، ٢٦ ھەزار و ٤٨٧ لە سلێمانی، ٢٨ ھەزار و ٧٥٤ کەس لە دھۆک و دوو ھەزار و ٩٠٨ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا دوو ھەزار و ٩١٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە بەجۆرێک ٨٠٣ لە ھەولێر، ھەزار و ٤٠٦ حاڵەت لە سلێمانی، ٥٨٥ لە دھۆک و لە ١١٩ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.