Fakhradin Ibrahim Mohammad
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق رایگەیاند"د.فرسەت هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەو و رۆژی خستە سەر یەک لە پێناو خزمەتکردن و خۆشەویستی و پاراستنی هەولێرییەکان، دواجاریش هەر بەهۆی دڵسۆزی کارکردن و بەریەککەوتنی بەردەوامی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەقورسی دووچاری ئەم پەتا نەگریسە بوو".
رێواز فایەق لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی دەربڕیوە، رایگەیاندووە "دکتۆر فرسەت کەسێکی جیاواز و تایبەت بوو".
لە پرسەنامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق-دا هاتووە "زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری شاری هەولێر و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دکتۆر فرسەت سۆفی-مان پێگەیشت، دکتۆر فرسەت کەسێکی جیاواز و تایبەت بوو، هاوڕێیەکی بە ئەمەک و جێگەی متمانە بوو، پەرۆشی یەکڕیزیی و تەبایی و برایەتی بوو، هەرکات ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگەیشتە ئاستێک کە لە چارەسەر بێئومێد ئەبووین، ئەو ئازایانە کاری بۆ گرێدانەوە ئەکرد، بۆیە شایەدی بۆ دەدەم لە ماوەی پێنج ساڵی کارکردنمان پێکەوە هەرگیز و لەهیچ بارودۆخێکدا هۆکاری تێکدان و ترازان نەبوو".
رێواز فایەق دڵسۆزی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی بۆ خەڵکی هەولێر لە کاتی پەتای کۆرۆنا بە نموونە دەهێنێتەوە و باس لەوە دەکات بەریەککەوتن لەگەڵ چین و توێژەکان دکتۆر فرسەت-ی تووشی ئەو نەخۆشییە کرد و دەڵێت "د.فرسەت وەک پارێزگار بەختی ئەوەی نەبوو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەو و رۆژی خستە سەر یەک لە پێناو خزمەتکردن و خۆشەویستی و پاراستنی هەولێرییەکان، دواجاریش هەر بەهۆی دڵسۆزی کارکردن و بەریەککەوتنی بەردەوامی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەقورسی دووچاری ئەم پەتا نەگریسە بوو، زۆر بەداخەوە کە مەرگ رێگەی پێنەدا پڕۆژە نیشتمانییەکانی بگەیەنێتە ئامانج، کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی خەسارەتێکی ئێجگار گەورەیە، داخ و کەسەرێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری و هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکەین، داواکارین لەخوای گەورە سەبرو ئارامی بە خانەوادە و ئازیزانی ببەخشێ و خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات".