Davit Kachkachishvili
17 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2022
کیێڤ-AA
گوتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، یوری ئیگنات رایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی رووسیا بە زیاتر لە ٦٠ مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەی.
ئیگنات رایگەیاند کە هێزەکانی رووسیا لە دەریای قەزوین و دەریای رەش-ەوە مووشەکەکانیان ئاراستە کردووە.
گوتەبێژەکەی ئۆکرانیا، رایگەیاند کە لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانییەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٠ مووشەک لە خاکی ئۆکراینا کەوتووەتە خوارەوە.
- لە کۆی ٤٠ مووشەک کە ئاراستەی کیێڤ کرابوو، ٣٧ مووشەک تێکشکێندراوە
لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ئیدارەی سەربازیی شاری کیێڤ، میخائیل شامانۆڤ رایگەیاند، لە کۆی ٤٠ مووشەک کە سوپای رووسیا ئاراستەی کیێڤ-ی پایتەخت و دەوروبەری کردبوو، ٣٧ مووشەک تێکشکێندراوە.
میدیاکانی ئۆکراینا بڵاویانکردەوە کە لە ئاکامی هێرشەکانی سەر شارەکانی خارکیڤ، خێرسۆن، کریڤی ری و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دەوروبەری کیێڤ، ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و برینداربوون.
هەر بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاو و کارەبای ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لە نێویاندا کیێڤ-ی پایتەخت گرفتی تێکەوت.
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ، ڤیتالی کلیچکۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاندبوو کە لە ناوچەکانی دێسیانسکی و دنیپرۆڤسکی و گۆلۆسیڤسکی ئەو شارە تەقینەوە روویداوە.