Tolga Özgenç
18 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2022
ماریوپۆل-AA
سەرۆکی کۆمەڵەی مزگەوتی سوڵتان سولەیمان لە شاری ماریۆپۆڵی ئۆکراینا، ئیسماعیل حاجیئۆغڵو، رایگەیاند ٦٥ کەس لە ھاووڵاتیانی تورک و کەسوکاریان کە بەھۆی شەڕەکەوە گیریان خواردبوو، دەربازکران.
ئیسماعیل حاجیئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ بەشێکی ئەو ھاووڵاتییە تورکانە و کەسوکاریان کە لە مزگەوتەکەی ماریۆپۆڵ گیریان خواردبوو، توانیان شارەکە جێبھێڵن.
حاجیئۆغڵو ئاشکرایکرد ئەو پاسانەی کە بۆ گواستنەوەی ھاووڵاتییە تورکەکان و کەسوکاریان دابینکرابوو، بەھۆی ھێرشەکانی رووسیاوە ئەمرۆش نەیانتوانی بێنە ناو شاری ماریۆپۆڵهوه و باسی لەوە کرد کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ ئەوەی مزگەوتی سوڵتان سولەیمان و ئەو تورکانەی کە لەوێن زیانیان بەرنەکەوێت تێبینییەکی بۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ناردووە.
گوتیشی: "لەبەر ئەوه ئەو ناوچەیەی کە مزگەوتەکەی لێیە بۆردومان ناکرێت. ئەوانەی ئۆتۆمبیلیان ھەیە ئەو ناوچەیەیان بهكارهێنا کە مزگەوتی سوڵتان سولەیمانی لێیە و شارەکەیان جێھێشت. ژمارەی ئەو ھاووڵاتییە تورکانە و کەسوکاریان کە ئەمڕۆ شاری ماریۆپۆڵیان جێھێشت گەیشتە ٦٥ کەس".
ئیسماعیل حاجیئۆغڵو، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوانەی لە ماریۆپۆڵ دەربازبوون روویانکردووەتە زاپۆریژیا و رایگەیاند بە پاڵپشتیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ھەوڵدەدەن ئەو ٨٧ ھاووڵاتییه تورکه و کەسوکاریان دەربازبکەن کە لە ماریۆپۆڵ ماونەتەوە.