Mustafa Deveci,Ramal Abdullah Mahmood,Hemın Othman Mohammed
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2019
قودس – AA
پرۆسەی دەنگدان بە مەبەستی ھەڵبژاردنی ١٢٠ پەرلەمانتار لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئەمڕۆ بەکاتی ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تاکو کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەردەوام دەبێت.
٤١ حزب بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا دەکەن کە بە یەکێک لە کێبڕکێ سەرسەختەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا دادەنرێت و زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا ھەیە.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەو دەنگدەرانەن کە ھێشتا یەکلانەبوونەتەوە دەنگ دەدەن یاخود نا کە ئەوان ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە یەکلایی دەکەنەوە.
رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥دا، لەسەدا ٧١،٨ بوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو و سارا-ی ھاوسەری کاتژمێر ١٠:٣٠ لە قوتابخانەیەکی قودسی رۆژئاوا دەنگ دەدەن.
- راپرسییەکان ئاماژە بە ناتانیاھو دەدەن
بەپێی ئەو راپرسییانەی لە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە چاوەڕوان دەکرێت بە جیاوازییەکی کەم پارتی لیکود بە سەرۆکایەتی ناتانیاھو بەپێش پارتەکانی دیکە بکەوێتەوە.
پێشبینی دەکرێت لیکود رکابەرایەتی ھاوپەیمانی شین-سپی بکات کە لە لایەن سەرۆک ئەرکانی پیشووی ئیسرائیل، جەنەراڵ بەنی گانتز و رۆژنامەنووسی پێشوو، یایر لاپیدەوە رابەرایەتی دەکرێت.
لەو وڵاتەدا کە بەربەستی بەردەم چوونە بەرلەمان لەسەدا ٣،٢٥ ە، پێشبینی دەکرێت لە کۆی ٤١ پارت ١٠ بۆ ١٤یان بچنە پەرلەمانەوە.
بەپێی راپرسییەکان، چاوەڕوان ناکرێت ھیچ کام لە پارتەکان ٦١ کورسی بەدەستبھێنن کە پێویستە بۆ ئەوەی بە تەنیا بچنە دەسەڵاتەوە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتێکی نوێی ھاوپەیمانی پێکبھێنرێت.
پێشبینی دەکرێت پارتە راستڕەوەکان کە پارتەکەی ناتانیاھو لیکود سەرۆکایەتی دەکات لە کۆی ١٢٠ کورسی پەرلەمان لانیکەم ٦٥ کورسی بەدەستبھێنێت. لەبەرئەوە ئەگەر لیکود وەک پارتی دووەم لە ھەڵبژاردن دەرچێت ئەوا ناتانیاھو چانسی زیاتری دەبێت بەراورد بە رکابەرەکەی گانتز بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھاوپەیمانی. ھاوکات بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ژمارەیەک لە پارتە راستڕەوەکان نایانەوێت ھاوپەیمانی بە رابەرایەتی گانتز-لاپید لە حکوومەتدا ھەبن.