Zein Khalil,Ali Semerci
05 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2024
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە سێ ناوچەی باشووری لوبنان.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئامانجەکانی حزبوڵڵایان لە ناوچەکانی بینت جوبەیل و سوڵتانیە و سدیقین کردووەتە ئامانج.
ئاماژە بەوە کرا کە لە نێو ئەو ئامانجانەی بۆردومان کراون بینا سەربازییەکان و بارەگایەکی سەربازیی هەیە کە لەلایەن حزبوڵلاوە بەکاردەهێندرێن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە دوای ماوەیەکی کەم لە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکووری وڵات نزیکەی ١٠ مووشەک لە خاکی لوبنانەوە ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کراوە و بەشێکیان لە ئاسمان تێکشکێندراون، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە هیچ زیانێکی گیانیی نەکەوتووەتەوە.
دوێنێ ميدياى فەڕمی ئیسرائیل KAN بڵاویکردەوە کە بە مووشەکی دژە تانک هێرش کراوەتە سەر ناوچەی نیشتەجێبوونی مارگالیۆتی ئیسرائیل بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
لە هەشتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، لە ئاکامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ٢٣٢ ئەندامی حزبوڵلا کوژراون، لەگەڵ ٤٥ مەدەنی لوبنانی، ١١ ئەندامی بزوتنەوەی ئەمەل، ١٢ ئەندامی حەماس و ١٢ ئەندامی جیهادی ئیسلامی و شەش مەدەنی و ١١ سەربازی ئیسرائیلی.