Halime Afra Aksoy,Ali Semerci
05 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2024
ئیستانبوڵ - AA
سوپای ئیسرائیل لە ئاکامی ئەو هێرشانەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا دەیانکاتە سەر کەرتی غەززە، ١٣ هەزار و ٤٣٠ منداڵی کوشتووە.
نووسینگەی میدیای حکوومەت لە غەززە، دوایین زانیاریی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا دەیانکاتە سەر غەززە و پێی ناوەتە ١٥١هەمین ڕۆژەوە.
سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، لە کەرتی غەززە دوو هەزار و ٦٧٥ کۆمەڵکوژی دەرهەق بە کەسانی بێ بەرگریی فەڵەستینی، هاووڵاتیانی مەدەنی، منداڵان و ژنان ئەنجامداوە.
لە ئاکامی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل ١٥١ ڕۆژە دەیکاتە سەر کەرتی غەززە، ١٣ هەزار و ٤٣٠ منداڵ و هەشت هەزار و ٩٢٠ ژن کوژراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هێرشەکان پێنج مانگیان تێپەڕاندووە و پێیان ناوەتە شەشهەمین مانگەوە و، هێشتا حەوت هەزار کەس بێسەروشوێنن کە زیاتر لە سەدا ٧٠یان ژن و منداڵن، ژمارەی ئەو کوژراوانەی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان ٣٠ هەزار و ٥٣٤ کەسە و ژمارەی بریندارانیش ٧١ هەزار و ٩٢٠ کەسن.
لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە ٣٦٤ کارمەندی تەندروستیی و ٤٨ کارمەندی بەرگریی شارستانی و ١٣٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون.