Bayram Altuğ,Abdullah Shukur
09 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2019
جنێڤ - AA
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، میشێل باشیلێت رایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تەنھا لە ماوەی کۆتا شەش مانگی رابردوودا، ٣٠ رۆژنامەنووسیان لە کەرتی غەززە بریندارکردووە.
میشێل باشیلێت لە میانی کردنەوەی ٤٢ھەمین دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ کە لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ دەستی پێکرد گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستین و دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە کرد.
باشیلێت ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ پڕۆژە بڕیاری ئیدانەکردنی ئیسرائیلی لە ٢٢ی ئادار پەسند کردووە و گوتیشی: "لەم قۆناغەشدا پێشێلکاری جددی لە پرسی مافەکانی نێودەوڵەتی مرۆڤ لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستین، بە خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی غەززەشەوە بەردەوام بووە".
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد کە خۆپیشاندانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری کەرتی غەززە لە ٣٠ی ئاداری ٢٠١٨ دەستیپێکردووە و ھێزەکانی ئیسرائیلیش بەردەوام بوون لە بەکارھێنانی چەک و تەقەمەنی راستی و بۆمبی لاستیکی و بۆمبی فرمێسکرێژ لە دژی خۆپیشاندەران".
میشێل باشیلێت گوتیشی: "لە ئەنجامی راستەوخۆی ئەمەدا، لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ەوە، ١٣ فەڵەستینی کوژراون کە پێنجیان منداڵن. رۆژی ھەینی رابردوو دوو منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ و ١٧ ساڵ بەھۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکان بە فیشەکی راستەقینە کوژران".
میشێل باشیلێت راشیگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تەنھا لە ماوەی کۆتا شەش مانگی رابردوو، ٣٠ رۆژنامەنووسیان لە کەرتی غەززە بریندارکردووە.
ھاوکات لەوەتەی دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە ٣٠ ئاداری ٢٠١٨ ەوە چوار پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەلایەن ھێزەکانی ئەمنی ئیسرائیل بریندارکراون کە دووانیان لە کەرتی غەززە و دووانەکەی دیکەش لە کەناری رۆژئاوا بوون.